ناتانیاهۆ لە كۆنفرانسی ئاشتی و ئاسایشی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست كە لە وارشۆ دەبەسترێت بە جیهان دەڵێم چۆن ئێران رادەگرین
لەگەڵ نزیك بوونەوەی وادەی سازدانی كۆنفرانسی ئاشتی و ئاسایشی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست كە وا بڕیارە هەتەی داهاتوو لە وارشۆ ببەسترێت, سەرۆكوەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاند، ئێران بابەتی سەرەكی كۆنفرانسی ئاشتی و ئاسایشی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست لە وارشۆ دەبێت. وەزیری دەرەوەی ئێرانیش دەڵێت، كۆنفرانسەكە پێش دەستپێكردن، شكستی هێناوە.
بنیامین ناتەنیاهۆ سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاند “ئەم هەفتەیە بەرەو كۆنفرانسی ئاشتی و ئاسایش لە وارشۆ بەڕێدەكەوم. لەوێ چاوم بە مایك پێنس، جێگری سەرۆكی ئەمریكا، مایك پۆمپیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریكا و سەركردەكانی دیكە دەكەوێت”.
سەرۆكوەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاند، لە هەفتەی یەكەمی كۆنفرانسەكەدا ئێران بابەتی سەرەكی دەبێت، باس لەوە دەكرێت كە “چۆن رێگری بكرێ لەوەی ئێران پێگەی خۆی لە سووریا بەهێز بكات و كۆتایی بە شەڕەنگێزییەكانی لە ناوچەكەدا بهێنین”.
هەر لەبارەی كۆنفرانسەكەی وارشۆ، محەممەد جەواد زەریف، وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند، لە كۆنفرانسەكەدا ئەمریكا جەخت لە هەڵوێستی دژایەتی ئێران دەكاتەوە، بەڵام چارەنووسی كۆنفرانسەكە هەر پێش دەستپێكردنی، شكستهێنانە.
جەواد زەریف گوتی، ئەمریكا رێككەوتنێكی گەورەی كردبوو بۆ ئەوەی كۆنفرانسێكی دژە-ئێران بەڕێوەبچێت لە وارشۆ، بەڵام لەو هەنگاوەدا شكستیان هێناوە، هەر بۆیە ناوی كۆنفرانسەكەیان گۆڕی و گوتیان دژی ئێران نییە.
بەگوتەی وەزیری دەرەوەی ئێران، بەشدارینەكردنی سەرۆكی ئەمریكا لە كۆنفرانسەكەدا یەكەم شكستی كۆنفرانسەكەیە، كە لە جێگەی ئەو جێگری سەرۆك بەشداری دەكات. دەشڵێت، كۆنفرانسەكە بەوشێوەیە بەڕێوەناچێ كە ئەمریكا خواستی لەسەری بوو.
كۆنفرانستی وارشۆ لەنێوان 13 و 14ی ئەم مانگە بەڕێوەدەچێت و باس لە ئاشتی و سەقامگیری لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دەكرێت.