دوای دەست بەكار بوونی كابینەی نوێی حكوومەت مووچەی چاودێری كۆمەڵایەتی خەرج دەكرێتەوە كە چوار ساڵە بە هۆی قەیرانی دارای خەرجناكرێت
لەگەڵ ئەوەی ماوەی نزیكەی 4 ساڵە و بەهۆی قەیرانی داراییەوە موچەی چاودێری خێزان راگیراوە بەڵام لە ئێستادا وەزارەتی كار سەرقاڵی ئامادەكردنی رێنماییە بۆ خەرجكردنی موچەی چاودێری خێزان و بەڕێوبەری گشتی چاودێری و گەشەپێدانی كۆمەڵایەتی سلێمانیش دەڵێت، چاوەڕێ دەكەن بە جێبەجێكردنی یاسای بودجە و دەستبەكاربوونی كابینەی نوێی حكومەتی هەرێم وەزارەتی دارایی پارەی پێویست بۆ ئەو مەبەستە تەرخان بكات.
عومەر گوڵپی، و بەڕێوبەری گشتی چاودێری و گەشەپێدانی كۆمەڵایەتی رایگەیاند: وەزارەتی كار و كاروباری كۆمەڵایەتی سەرقاڵی ئامادەكردنی رێنماییەكە و رێنماییەكەش لە قۆناغی كۆتاییدایە، بۆ ئەوەی موچەی ئەو كەسانە بە شێوەیەكی شایستە خەرج بكرێت، كە هیچ سەرچاوەیەكی داهاتیان نییە و لە خوار هێڵی هەژاریەوەن.
بەرێوەبەری چاودێری كۆمەڵایەتی لە سلێمانی راشیگەیاندووە، ئەوانەی لەو موچەیە سودمەند دەبن ژنانی هەتیوبار، منداڵانی بێ سەرپەرشت و پیر و پەككەوتەكانن، واتە ئەوانەی هیچ سەرچاوەیەكی جێگری داهاتیان نییە، بۆ ئەوەی لانی كەمی بژێوی ژیانیان دەست بكەوێت و لە خوار هێڵی هەژاریەوە سەربكەون بۆ ئاستی هێڵی هەژاری.
هەروەها گوڵپی گوتی: ئێمە چاوەڕوانیمان ئەوەیە كە لەگەڵ جێبەجێ كردنی یاسای بودجە و دەستبەكاربوونی كابینەی نوێ، حكومەتی هەرێم و وەزارەتی دارایی پارەی پێویست بۆ ئەو مەبەستە تەرخان بكات، تا ئەو چین و توێژە ببنە خاوەنی ئەو مافەی خۆیان لە سامانی عێراق و هەرێم.