دۆناڵد ترەمپ وادەی مه‌رگی یەکجاریی داعش ئاشكراكرد

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریكا رایگەیاند، لە ماوەیەكی نزیكدا تەواوی خاكی ژێر دەستی داعش له‌ سووریا ئازاد دەكەن.

لە تویتێکدا، ترەمپ لەبارەی دواین پێشهاتەکانی سووریا نووسیویەتی: “ئەمەریکا لە ماوەیەكی نزیكدا 100%ی خاكی ژێر دەستی داعش لە سووریا کۆنتڕۆڵ دەکات، ماوەی دوو رۆژە هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) دواین ئۆپەراسیۆنیان دژی داعش لە دێرزوور دەستپێکردووە و چاوەڕوان دەکرێت بەم نزیکانە، شکستی تەواوەتی داعش رابگەینرێت.

لەبارەی دواین پێشڕەوییەکانی هەسەدە، مسته‌فا بالی، به‌رپرسی ناوه‌ندی میدیایی هه‌سه‌ده‌ به‌ ئاژانسی هه‌واڵی رۆیته‌رزی گوتووه‌: “شه‌ڕڤانانی هه‌سه‌ده‌ تا ئێستا 41 پێگه‌ی داعشیان كۆنترۆڵ كردووه‌، به‌ڵام رۆژی یه‌كشه‌ممه‌ رووبه‌ڕووی هێرشی پێچه‌وانه‌ بوونه‌ته‌وه‌و توانراوه‌ تێكبشكێنرێن، هه‌روه‌ها گوتوویه‌تی: “400 تا 600 چه‌كداری داعش له‌ دوا مۆڵگه‌كانیاندا شه‌ڕ ده‌كه‌ن و ژماره‌یه‌كیشیان چه‌كداری بیانین، هەروەها،500 تا 1000 هاووڵاتی سڤیل له‌و ناوچانه‌ی ژێر ده‌ستی چه‌كدارانی رێكخراوه‌ توندڕه‌وه‌كه‌دا گیریانخواردووه‌.

لە 19ی کانوونی یەکەمی ساڵی رابردوو، دۆناڵد ترەمپ بڕیاری کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکای لە سووریادا و هۆکارەکەشی بۆ لەناوچوونی داعش لەو وڵاتە گەڕاندەوە، ئەگەری زۆرە لە دوای راگەیاندنی شکستی یەکجاریی داعش لە سووریا، ئەمەریکا دەست بە کشانەوەی هێزەکانی بکات لە سووریا.

 

 

Back to top button