پلانی ڕاستەوخۆی تاڵەبانیەکان شكستی هێنا کۆسرەت ڕەسوڵ ڕەتیده‌كاته‌وه‌ بێگەرد تاڵەبانی بێتە سەرۆکی پەرلەمان..

هێشتا هەردوو باڵەكەی یەكێتی نەیانتوانیوە لە نێوان بێگەرد تاڵەبانی و رێواز فایەقدا، ئەو ناوە یەكلایی بكەنەوە كە دەبێتە بەربژێری یەكێتی بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆكی پەرلەمان. ئەندامێكی سەركردایەتی یەكێتی دەڵێ: “ئەگەر بە گفتوگۆ نەگەیشتینە ئەنجام، ناچارین لە رێگای دەنگدانی سەركردایەتییەوە یەكێكیان هەڵبژێرین”. بەڵام ئەندامێكی دیكەی سەركردایەتی ئەو حیزبە دەڵێت: “لەو حاڵەتەدا دەبێ‌ پۆستەكەی قوباد تاڵەبانیش بخرێتە دەنگدانەوە، ناكرێ دوو تاڵەبانی هەردوو پۆستەكە وەربگرن.

بە مەبەستی یەکلاکردنەوەی کاندیدی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بۆ پۆستی سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان، هەوڵێک دراوە کە ڕاستەوخۆ لەلایەن مەکتەبی سیاسیی ئەو حزبەوە و بەبێ گەڕانەوە بۆ سەرکردایەتی، بێگەرد تاڵەبانی کاندید بکرێت، بەڵام هەوڵەکە شکستی هێناوە.

بەپێی زانیارییەکانی (خـواكورك)، لە کۆبوونەوەکەی ڕۆژی ٩ـی ٢ـی ٢٠١٩ی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی، هەریەك لە پاڤڵ تاڵەبانی و ئاسۆ ئەڵمانی داوایان کردووە کاندیدەکە ڕاستەوخۆ لە مەکتەبی سیاسیی یەکێتی یەکلا بکرێتەوە و لەوێشدا بێگەرد تاڵەبانی بۆ پۆستی سەرۆکی پەرلەمان کاندید بکرێت، بەڵام ئەو داواکاری و هەوڵە ڕەتکراوەتەوە و خودی کۆسرەت ڕەسووڵ پێیوابووە کە ئەوە پێشێلکردنی بڕیارەکانی پێشووی یەکێتییە.

فەرید ئەسەرد، ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی، باس لە میكانیزمی یەكەم دەكات كە ئێستا كاری لەسەر دەكرێت، ئەویش گفتوگۆی سەركردەكانی یەكێتییە. وەك ئەسەسەرد باسی دەكات، دەبێ لەو چەند رۆژە كەمەی لەپێشیانە، بە گفتوگۆ رێكبكەون لەسەر یەكێك لە ناوەكان :”ئەگەر لە حاڵێكدا گفتوگۆ ئەو گرێیەی پێنەكرایەوە، لە كۆبوونەوەی سەركردایەتی بە دەنگدان یەكلایی دەكەینەوە.

لەلایەکی دیکەوە هەر ئەمڕۆ دووشەممە ١١ـی شوباتی ٢٠١٩، عوسمان بانیمارانی، ئەندامی ئەنجومەنی سەرکردایەتیی یەکێتی جەختی کردووەتەوە کە تائێستا هەریەک لە ڕێواز فایەق و بێگەرد تاڵەبانی کاندیدن و ڕوونی کردووەتەوە کە ”بە دەنگدان لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی سەرکردایەتیدا پێش ١٨ی ٢ی ٢٠١٩ یەکێکیان دیاری دەکرێت“.

 

Back to top button