سه‌عدی ئه‌حمه‌د پیره‌ : رێكه‌وتنامه‌ی پارتی و یه‌كێتی له‌ ۱۸ ماددە پێكهاتووە

رۆژی ٥ی شوباتی ۲۰۱۹، مەكتەبی سیاسی پارتی و یەكێتی كۆبوونەوە. لە كۆبوونەوەكەدا لیژنەیەكیان پێكهێنا بۆ نووسینی رەشنووسی رێككەوتنێكی سیاسی، تاوەكو مەكتەبی سیاسی هەردوولا واژۆی بكەن و بڕیاری لەسەر بدرێت.

سەعدی ئەحمەد پیرە، گوتەبێژی مەكتەبی سیاسی یەكێتی له‌باره‌ی پێكه‌وه‌ كاركردن و شه‌راكه‌ت و ڕێكه‌وتنامه‌ی حزبه‌كه‌ی له‌گه‌ڵ پارتی دیموكراتی كوردستان ڕایگه‌یاند:” رێككەوتننامەكەی نێوان پارتی و یەكێتی لە ۱۸ ماددە پێكهاتووە، ئەگەری زیادبوون و كەمبوونەوەی ماددەكانیش هەیە ، شه‌راكه‌تی ڕاسته‌قینه‌ له‌ نێوان پارتی و یه‌كێتی دەبێت رەنگبداتەوە لە بوارەكانی ئابووری، بازرگانی، سیاسەتی دارایی و شەقافیەت، هەناردەكردن و فرۆشتنی نەوت، هەروەها لە گۆڕینی هێزی پێشمەرگە لە هێزێكی حیزبی بۆ هێزێكی نیشتمانی، بە پڕۆسەیەك كە پێیدەگوترێت ریفۆرمی وەزارەتی پێشمەرگە”.

سه‌عدی ئه‌حمه‌د پیره‌ ده‌شڵێت :” بەپێی رەشنووسی رێككەوتنەكە هەردوو حزب ئاگاداری سیاسەتی دارایی حكومەت و داهاتەكان دەبن و لە جوڵەی سەربازیدا رای یەكێتی وەردەگیرێت و لە پەیوەندییەكانی دەرەوەدا، یەكێتی بەپێی پێگە و قورسایی خۆی بەرپرسیارێتی پێدەدرێت”.

گوتەبێژی مەكتەبی سیاسی یەكێتی گوتیشی: “من و مەحموود محەممەد، ئەندامی مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان راسپێردراوین بۆ نووسینەوەی رەشنووسی رێككەوتنە، بەڵام هێشتا رێككەوتنەكە تەواو نەبووە، گەیشتووینەتە سیغەیەك كە تاوەكو ئێستا ۸۰%ی كۆتایی هاتووە، تەنیا لە هەندێك خاڵدا جیاوازییەكی كەممان هەیە”.

Back to top button