عوسمان بانیمارانی : پێم باشه‌ قایمقامی سلێمانی بدرێته‌ پارتی و قایمقامی هه‌ولێریش بدرێته‌ یه‌كێتی

عوسمان بانیمارانی، ئەندامی ئەنجومەنی سەرکردایەتیی یەکێتی له‌ گفتوگۆیه‌كی ڕۆژنامه‌وانیدا له‌به‌شی كوردی ده‌نگی ئه‌مریكا ، ڕایگه‌یاند:” تۆزێك لێكتێگه‌یشتن له‌نێوان پارتی و یه‌كێتی دروست بووه‌ به‌هۆی ئه‌و “مرونه‌ته”ی یه‌كێتی نواندویه‌تی، ئه‌و نه‌رمی نواندنه‌ی یه‌كێتی-ش بۆ ده‌ربازبوونه‌ له‌م قۆناغه‌. ئه‌وه‌ی پارتی زۆری پێ قورس بێت یه‌كێتی “مرونه‌تی- نه‌رمی” ده‌بێت، بۆ نمونه‌ له‌ بابه‌تی به‌غداد و كه‌ركوك یه‌كێتی داوای ده‌كرد هه‌مووی بكرێته‌ یه‌ك پاكێج له‌گه‌ڵ پێكهێنانی حكومه‌تی نوێی هه‌رێم ڕێكه‌وتنی سیاسی بكرێت له‌نێوان پارتی و یه‌كێتی-دا، نه‌رمی نواندنه‌كه‌ی یه‌كێتی-ش ته‌نها له‌بابه‌تی كاته‌، بۆ پێش یا دوای پێكهێنانی حكومه‌ت نه‌ك “مه‌بده‌ئه‌كه‌ “.

ئەندامی ئەنجومەنی سەرکردایەتیی یەکێتی ده‌ڵێت :” ئه‌نجومه‌نی سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتی پرسی دیاریكردنی كاندیدی خۆی بۆ پۆستی سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان و پرس ئه‌وه‌ی دیاریكردنی پارێزگاری كه‌ركوك پێش پێكهێنانی كابینه‌ی نوێی حكومه‌تی هه‌رێم یا دوای پێكهێنانی كابینه‌ی نوێی حكومه‌ت به‌ ده‌نگدانی زۆرینه‌ یه‌كلایی ده‌كاته‌وه‌”.

له‌ به‌شێكی تری گفتوگۆكه‌یدا، سه‌باره‌ت كۆبونه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای كه‌ركوك له‌هه‌ولێر ،عوسمان بانیمارانی گووتی :” ئه‌وه‌ كۆبونه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی پارێزگا نیه‌ به‌ڵكو كۆبونه‌وه‌ی لیستی برایه‌تیه‌ كه‌ ڕه‌نگه‌ ته‌نها ئه‌ندامانی سه‌ر به‌ پارتی و یه‌كێتی له‌و لیسته‌ ئاماده‌بن، ئه‌ندامانی عه‌ره‌ب و توركمان ئاماده‌ نه‌بن.”

له‌باره‌ی پرۆژه‌كه‌ی یه‌كێتی عوسمان بانیمارانی، ئەندامی ئەنجومەنی سەرکردایەتیی یەکێتی ده‌ڵێت :” پرۆژه‌كه‌ی یه‌كێتی بۆ داهاتوو زۆرباشه‌ ، به‌ڵام من پێم باشه‌ دوو خاڵی تری بۆ زیاد بكرێت بۆ ئه‌وه‌ی هه‌ولێر و دهۆك و سلێمانی-ش ئاسایی بكه‌نه‌وه‌، قایمقامی “مه‌ركه‌زی” ناوه‌ندی سلێمانی بدرێت به‌پارتی وه‌ قایمقامی مه‌ركه‌زی هه‌ولێر-ش بدرێت به‌ یه‌كێتی بۆ ئه‌وه‌ی ئاشته‌واییه‌ك له‌كوردستان دروست بێت ئه‌مه‌ له‌گه‌رمیان و زاخۆ-ش بكرێت تا چیتر پارتیه‌كان له‌سلێمانی خۆیان به‌ بێ ده‌سه‌ڵات وه‌ یه‌كێتیه‌كانیش له‌هه‌ولێر و دهۆك خۆیان به‌ بێ ده‌سه‌ڵات نه‌زانن ،یه‌كێتی “مرونه‌تی” هه‌یه‌ بۆ ده‌ربازبوون له‌م قۆناغه‌”.

 

Back to top button