شیرین ئامێدی : كاتی بەستنی كۆنگرە هاتووە و كۆنگرەی ١٤ـی پارتی جیاواز دەبێت
پارتی دیموكراتی كوردستان، لە ١١ی١٢ی٢٠١١ كۆنگرەی سیازدەی بەست، بڕیاریش درا، كە دوای ٤ ساڵ كۆنگرە ببەسترێتەوە، بەڵام بە هۆی ناسەقامگیریی وڵات و شەڕی دژ بە تیرۆریستانەوە، نەتواندرا كۆنگرەی ١٤ لە كاتی خۆیدا ببەسترێت.
شیرین ئامێدی، ئەندامی سەركردایەتیی پارتی دیموكراتی كوردستان، وادەی بەستنی كۆنگرەی ١٤ ئاشكرا دەكات و ڕایگهیاند:” كاتی بەستنی كۆنگرە هاتووە و دوای پێكهێنانی كابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، پێویستە لیژنەی ئامادهكاری حزب كار بۆ بەستنی كۆنگرەی ١٤ لە كۆتایی ٢٠١٩، یا سەرەتای ٢٠٢٠ بكات، باسی لەوەش كرد، كە پێش دوو ساڵ گفتوگۆ لەبارەی دامەزراندنی لیژنەیەك بۆ بەستنی كۆنگرەكە كراوە”.
ئەندامهكهی سەركردایەتیی پارتی دیموكراتی كوردستان ،لهبارهی جیاوازی كۆنگرهی ۱٤وه گووتی :” كۆنگرەی ١٤ جیاواز دەبێت و ئەجێندای كۆنگرەكەش ماددەی ١٤٠ی دەستوور دەبێت، كە تاوتوێی هەوڵەكان بۆ جێبەجێكردنی دەكرێت، هاوكات تا چەند لە رابردووشدا هەوڵی بۆ دراوە، یان حكوومەتی فیدراڵ تا چەند هەنگاوی بۆ ناوە، یا هەنگاوی بۆ دەنێت، یەكێًك لە رێگرییەكانیش لە رابردوودا هۆكاری شەڕی داعش بووە، كە زیاتر پێوەی سەرقاڵ بوون “.
لهبارهی ڕۆڵی ئافرهتان و لاوان له كۆنگرهكانی پارتی دا، شیرین ئامێدی، ئەندامی سەركردایەتیی پارتی دهشلێت :” سەرۆك مەسعوود بارزانی جەختی لە هێنانەپێشەوەی لاوان و ئافرەتان بۆ ناوەندی بڕیار كردووەتەوە، لە كۆنگرەكانیشدا هەمیشە ئەو توێژانەی حزب هاتوونەتە پێشەوە،سەرۆك بارزانی وەك سەرۆكی حزب و مەرجەعێكی نەتەوەیی لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی، لە كۆنگرەی یەكێتیی لاوانی دیموكراتی كوردستاندا رەخنەی لە كەمیی ئافرەت لەو رێكخراوەدا گرت ، لە كۆنگرەی پێنجەمی پارتیدا رێ بە ئافرەت دراوە بگاتە سەركردایەتی، هەروەها لەسەر كاری حكومڕانییش تیشك دەخاتە سەر ئەندامانی ئەم خولەی پەرلەمانی هەرێمی كوردستان، كە رێژەی گەنج تێیدا زۆرن و ئەوانیش لە لایەن پارتییەوە كاندید كراون”.