قوتابییه‌ك به‌هۆی هه‌ڵه‌یه‌كه‌وه‌ له‌ زانكۆ ده‌گه‌ڕێنرێته‌وه‌ بۆ ئاماده‌یی

دوای زیاتر لە ۵ ساڵ دەردەكەوێ كچە قوتابییەك لە پۆلی پێنجی ئامادەیی دەرنەچووە و چووەتە زانكۆش. دواتر لە زانكۆوە دەگەڕێندرێتەوە قۆناغی ئامادەیی سۆزیار فاتیح محەممەد، خەڵكی دەربەندیخانە و ئەمساڵ لە كۆلێژی وەرزشی زانكۆی سەڵاحەدین وەرگیراوە، سۆزیار مانگێكیش دەوام دەكات، بەڵام دەیگەڕێننەوە بۆ ئامادەیی.

سۆزیار فاتیح محەممەد له‌ چاوپێكه‌وتنێكی ڕۆژنامه‌وانیدا ڕایگه‌یاند”ساڵی ۲۰۱۲-۲۰۱۳ پۆلی ۱۰ی ئامادەیی بووم، لە وانەی بیركاری پەڕینەوەم هەبوو، لە پۆلی ۱۱ تاقیكردنەوەی وەرزی یەكەمم دا، بەڵام بۆ تاقیكردنەوەی دووەم ئاگادار نەكرام، پۆلی ۱۱ و ۱۲م تەواو كرد و لە كۆلێژی وەرزشی زانكۆی سەڵاحەدین وەرگیرام، هەموو شتكیش بەئاسایی دەڕۆیشت، بەڵام بڕوانامەكەیان هەڵوەشاندمەوە”.

سۆزیار فاتیح محه‌مه‌د ده‌شڵێت :” لە مانگی ۱۱ی ۲۰۱۸ بە رێكەوتی ساڵی ۲۰۱۷ بەڕێوەبەری قوتابخانە، بەڵێننامەیەكی بە باوكم واژۆ كردووە كە گوایە كاتی خۆی منیان ئاگادار كردووەتەوە لەوەی هەردوو وەرزەكە تاقیكردنەوە بكەم و ژێربەژێریش كێشەكە چارەسەر دەكەن، ئینجا بە تەلەفۆن ئاگاداریان كردمەوە بڕوانامەكەم لە كۆلێژ وەربگرمەوە و بگەڕێمەوە دەربەندیخان، هەڕەشەی ئەوەشیان كرد ئەگەر وانەكەم پەیوەندی بە كۆلێژەكەوە دەكەن و كۆتایی بە خوێندنەكەم دێنن”.

سۆزیار فاتیح پێیوایە بووەتە قوربانی هەڵەی بەڕێوەبەرانی قوتابخانەكەی و گوتیشی :”من هەموو كاتێك ئامادەبووم بۆ تاقیكردنەوە و چاوەڕێ بووم، بەڵام دوو پۆلی دیكەشم بەبێ پەڕینەوە بڕی و ئاگاداریان نەكردمەوە، ئێستاش دوای ۵ ساڵ كە لە زانكۆ وەرگیراوم و دەوامم كردووە، ئینجا دەمگەڕێننەوە بۆ پۆلی ۱۰”.

بەڕێوەبەری قوتابخانەی خاك رۆژی ۱۵ی۱۱ی۲۰۱۸ بە نووسراوێك داوای لە بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەی دەربەندیخان كردووە، بڕوانامەی سۆزیار هەڵبوەشێندرێتەوە، ئەوانیش لە ۱۸ی۱۱ی۲۰۱۸ داوا لە زانكۆی سەڵاحەدین دەكەن بڕوانامەی قوتابیەكە بگەڕێننەوە، بۆیە زانكۆی سەڵاحەدین سێ‌ رۆژ دواتر بڕیاری هەڵوەشانەوەی فەرمانی وەرگرتنی سۆزیار لە زانكۆكەیان دەردەكات.

بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی سلێمانی لیژنەیەكی لەسەر ئەم كەیسە پێكهێناوە، بەرپرسێكی پەروەردەی سلێمانی گوتی: “لیژنەكە لەسەر بەڕێوەبەر و كارگێڕی قوتابخانە پێكهاتووە، چونكە ئەو داتابەیسەی تۆماری بڕوانامە كە هەیە هەمووی كۆدی خۆی هەیە و تەنیا لەلای بەڕێوەبەری قوتابخانەكە هەیە، بۆیە دەبێت هۆكاری ئەم هەڵەیە بزانرێت و ئیجرائات لەگەڵ ئەو كەسانە بكرێت كە هۆكاری دروستبوونی كێشەی خوێندكارەكەن”.

لیژنەكە دەستبەكار بووە و هەمووان چاوەڕوانی بڕیاری كۆتایی لیژنەكەن، مامۆستا عەدنان عەلی ده‌ڵێـت: “لیژنەكە لەسەر ئێمە پێكهاتووە، هەموو بەڵگەكانمان داوە بە لیژنەكە، ئەوانیش داویانە بە داواكاری گشتی، رۆژی یەكشەممە ۱۰ی۲ی۲۰۱۹ داواكاری گشتی من و یاریدەدەرەكەمی بانگ كرد و هەموو روونكردنەوەیەكمان داوە پێیان، چاوەڕوانی بڕیاری كۆتایی ئەوانین”

Back to top button