داود باغساتی دوای دەستگیركردنی لە توركیا ئەمڕۆ دادگایی كرا

 

دوای ئەوەی 2ی‌ شوباتی‌ 2019، لەلایەن هێزه ئەمنییەكانی‌ توركیاوە لەشاری‌ ئەدەنە، داود باغستانی سەرۆكی‌ دەزگای‌ ئیسرائیل – كورد و سێ كەسی دیكە بەتۆمەتی‌ پەیوەندی‌ بە پارتی‌ كرێكارانی‌ كوردستانەوە دەستگیركران, ئەمڕۆ ئەو سیاسەتمەدارە لە رێوشوێنێكی ئەمنی توند برایە بەردەم دادگا.

بەپێی زانیاریەكانی ئاژانسی‌ ئەنادۆڵی‌ حكومی‌ توركیا بڵاویكردەوە كە داود باغستانی‌ سەرۆكی‌ دەزگای‌ ئیسرائیل – كورد لەگەڵ سێ گومانلێكراوی دیكەدا رەوانەی دادگا كران.

ئاژانسەكە دەڵێت: “داود باغستانی، ماهمەنور ئا. ، هاككی ئا. و ئەنەس ی.” كە لەنێو خانوویەكدا لە شارۆچكەی سەیهانی ناوەندی ئەدەنە لەلایەن تیمەكانی فەرماندەیی جەندرمەی پارێزگای مێرسین دەستگیركران، كارەكانی ئاسایش لەبارەیانەوە تەواوبووە”.

ئاماژەشی‌ بەوەدا كە “پاش پشكنینی پزیشكی، گومانلێكراوان لە رێوشوێنێكی ئەمنیی توندوتۆڵدا گوازرانەوە بۆ دادگای مێرسین”.

بەگوێرەی‌ میدیاكانی‌ توركیا “داود باغستانی‌ لە شاری‌ رەقە لەگەڵ‌ بەرپرسانی‌ هەسەدە و پەیەدە بینراوە “كاری‌ بەهێزكردنی‌ پەیوەندییەكانی‌ نێوان ئەمریكا و ئیسرائیل و هێزە كوردییەكان بووە”.

ناوبراو لەساڵی‌ 1947 لەباغستان كە دەكەوێتە رۆژئاوای‌ ئۆزباكستانەوە لەدایكبووە، 10 ساڵی‌ ژیانی‌ لە زیندانی‌ ئەبوغریب لە عیراق بەسەربردووە و ماوەیەك بەڕێوبەری‌ كەناڵی‌ ئاسمانی‌ ماف بوو، ئێستاش سەرۆكی دەزگای ئیسرائیل-كوردە لە كوردستان و خاوەن ئیمتیازی گۆڤاری ئیسرائیل-كورد و رۆژنامەی ئیسرائیل-كوردستانە كە لە ئۆرشەلیم چاپ دەكرێت.

Back to top button