عادل عەبدولمەهدی بڕیاری داخستنی 100 بارەگای حەشدی شەعبی دەركرد
دوای ئەوەی عادل عەبدولمەهدی پێشتر فەرمانی داخستنی هەموو ئەو بارەگا ساختانەی حەشدی شەعبی دەركرد كە گرووپە جیاوازەكانی حەشد بە نایاسای بۆ راوو رووت دایان دەنا, سەرچاوەیەكی ئەمنیش ئاشكرای كردووە، كە ١٠٠ بارەگای دیكە بەم نزیكانە دادەخرێن.
موعین كازمی، فەرماندە لە میلیشیای حەشدی شەعبی، ڕایگەیاند: “لەساڵی پارەوە حەشدی شەعبی دەستی بە جەردكردنی بارەگاكانی كردووە، ھۆشداریشی دایە ژمارەیەك بارەگا كە بەناوی حەشدەوە كراونەتەوە، بۆیە بەشێكیان بارەگاكانیان داخست، بەڵام بەشێكیان تائێستاش ماونەتەوە”.
ئاماژەی بەوەش دا، داخستنی چەند بارەگایەك لە بەغدا كە لە ڕۆژانی ڕابردوو ئەنجام درا، لەسەر فەرمانی ڕاستەوخۆی عادل عەبدولمەھدی، سەرۆكی حكوومەتی فیدڕاڵ بووە.
ئاشكراشی كرد، كە زیاتر لە ١٠٠ بارەگای دیكەی ساختە بەناوی حەشدی شەعبییەوە كراونەتەوە و بەم نزیكانە سەرجەمیان دادەخرێن.
ڕۆژی ٧ی شوباتی ڕابردوو، ھێزە ئەمنییەكان و ھێزەكانی سەر بە میلیشیای حەشدی شەعبی، ئەوس خەفاجی، فەرماندەی ھێزەكانی “ئەبو فەزڵ عەباس”یان دەستگیر كرد. دواتر ئەوە ڕاگەیاندرا، دەستگیركردنی ئەو فەرماندەیە، بەھۆی ئەوەوە بووە كە ئامادە نەبووە بارەگاكەی دابخات.
ھەر لەناو شاری بەغدا، سێ بارەگای دیكەی ساختەی میلیشیای حەشدی شەعبی داخران و كەسێك بەتۆمەتی ئەوەی پلەی لیوا ڕوكنی بەساختە بەست بوو، دەستگیر كرا و ، لەناو بارەگایەكیش دەست بەسەر خواردنەوە كحوولییەكاندا گیرا