یەكێتی هەوڵدەدات رێبوار تاڵەبانی لە سەرۆكایەتی ئەنجوومەتی پارێزگای كەركووك دووربخاتەوە سەرپەرشتی كۆبوونەوەی 18ـی مانگ نەكات لە هەولێر
دوای ئەوەی پارتی و یەكێتی رێككەوتن كە 18ـی مانگ پەرلەمانی كوردستان كۆ ببیێتەوە بۆ متمانە هەڵبژاردنی دەستی سەرۆكایەتی پەرلەمان و حكوومەت و هەڵبژاردنی پارێزگارێكی نوێ بۆ كەركووك, وا بڕیارە لە هەمان كاتدا كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك لە هەولێر بەڕێوە بچێت بەڵام یەكێـتی لە هەوڵی ئەوەدایە سەرۆكایەتی كۆبوونەوەكە لە رێبوار تاڵەبانی وەرگرێتەوە.
بە پێی زانیاریەكانی خواكوڕك “لە ئێستادا هەوڵێك هەیە بۆ دوورخستنەوەی رێبوار تاڵەبانی، سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك، بۆ ئەوەی سەرۆكایەتی كۆبوونەوەی 18ی ئەم مانگەی ئەنجوومەنەكە لە هەولێر نەكات”.
ئەو سەرچاوەیە، روونیكردەوە، “یەكێتی نیشتمانی كوردستان لە پشت ئەو هەوڵانەوەیه”.
ئەمەش دوای ئەوە دێت جەمال مەولود باپیر، سەرۆكی لیژنەی خەرجیی لە ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك، نووسراوێكی بەرز كردووەتەوە بۆ ئەنجوومەنی وەزیران، دەستەی باڵای هەماهەنگی نێوان پارێزگاكان و وێنەیەكی دەست كوردستان24 كەوتووە و تێیدا داوای كردووە، رێپێدانی پێ بدرێت بۆ ئەوەی بتوانێت كاروباری دارایی و ئیداری ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك راییبكات، تا ئەو كاتەی چارەنووسی دۆسیەی رێبوار تاڵەبانی لە دادگا پلەی كۆتایی وەردەگرێت.
لە نووسراوەكەدا ئاماژە بۆ ئەوە كراوە، كە لەسەر بڕیاری دادگای كەتنی كەركووك، لە 26/12/2018، بڕیاری شەش مانگ بەندكردن بە غیابی و شیاوی تەمییز كردنەوەی دژ بە رێبوار تاڵەبانی دەركردووە و بەو هۆیەوە تەواوی كاروبارە ئیدارییەكان و مامەڵەی هاووڵاتیان و فەرمانبەران و ئەندامانی ئەنجوومەنی پارێزگا و ئەنجوومەنی قەزا و ناحییەكان پەكیان كەوتووە.
بەرزكردنەوەی ئەو نووسراوە، لە كاتێكدایە، پارتی و یەكێتی رێككەوتن لەسەر ئەوەی رۆژی 18ی ئەم مانگە لە یەك كاتدا كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك لە شاری هەولێر بەڕێوەبچێت و هاوكات كۆبوونەوەی پەرلەمانیش ئەنجام بدرێت بۆ هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان.