کۆرپە کوڕەکان کێشەی زیاتر بۆ دایکیان دروستدەکەن

پزیشکانی زانکۆی ئەدیلەید لە ئوسترالیا رایدەگەیێن ئەو خانمانەی لەکاتی دووگیانیدا هەڵگری کۆرپەکەی کوڕن زیاتر تووشی گرفتەکانی پەیوەست بە دووگیانی دەبنەوە.

پزیشکانی ئوسترالی لە توێژینەوەیەکدا پەیوەندییان دۆزیوەتەوە لە نێوان رەگەزی کۆرپە و کاریگەرییەکی لەسەر تەندروستی لەماوەی دووگیانیدا و ئەنجامی توێژینەوەکەشیان لە جۆرناڵی (PlOS ONE) بڵاوکردووەتەوە.

د. پێترا ڤێربێرگ، پسپۆڕی خانمان و منداڵبوون و سەرپەرشتیاری توێژینەوەکە لە زانکۆی ئەدیلەید دەڵێت: “بۆماندەرکەوتووە رەگەزی کۆرپە کاریگەریی راستەوخۆی لەسەر لێکەوتەکانی دووگیانی هەیە، ئەگەر کۆرپەکە کوڕ بێت ئەوا دایکەکە لەماوەی دووگیانی تووشی چەندین گرفت دەبێتەوە لەوانەش شەکرەی جۆری دوو، بەرزەپەستانی خوێن و لە دایکبوونی پێشوەختە”.

سەرپەرشتیاری توێژینەوەکە روونیدەکاتەوە هۆکارەکە بەتەواوەتی نەزانراوە بەڵام ئەوان بۆماوە بە هۆکاری ئەم کاریگەرییە دەزانن.

ئەم توێژینەوەی پزیشکانی زانکۆی ئەدیلەید لەنێوان ساڵانی 1981-2011 بەدواداچوونی بۆ نیو ملیۆن دایک و کۆرپەکانیان کردووە، دوای شیکردنەوەی داتاکان پزیشکە توێژەرەکان بۆیاندەکەوت لەنێو ئەو خانمە بەشداربووانەی کە کوڕیان بووە، لەماوەی دووگیانی زیاتر تووشی گرفت بوونەتەوە بەبەراورد بەو دایکانەی کچیان بووە.

پسپۆرانی خانمان و منداڵبوون لە زانکۆی ئەدیلەید روونیدەکەنەوە ئەو دایکانەی هەڵگری کۆرپەی کوڕن مەترسی لەدایکبوونی پێشوەختەیان %27، مەترسی تووشبوونیان بە شەکرە %4 و بەرزەپەستانی خوێن %7.5 زیاترە.

د. کوێروب سانتا، پزیشکی پسپۆری منداڵانی تازە لەدایکبوو لە نەخۆشخانەی نیکۆڵاسی تایبەت بە منداڵان لە ئەمریکا کە بەشداری توێژینەوەکەی نەکردووە دەڵێت: “ئەو خانمانەی هەڵگری کۆرپەی کوڕن تەنانەت لەکاتی پرۆسەی منداڵبوونیش هەندێک گرفتیان بۆ دروستدەبێت، کە ئەمەش رەنگە بگەرێتەوە بۆ هەبوونی گرفت لە وێڵاش ( ئەو پێکهاتەیەی کۆرپە بە منداڵدان دەبەستێتەوە)، چونکە وێڵاش لەکۆرپەی کچ و کوڕ جیاوازە”.

پزیشکانی زانکۆی ئەدیلەید دەڵێن توێژینەوەی زیاتر پێویستە بۆ ئەوەی هۆکاری ئەم کاریگەرییەی رەگەزی کۆرپە لەسەر لێکەوتەکانی دووگیانی بزانرێت، بۆیە ئەوان رێنماییدەدەنە خانمانی دووگیان لە ماوەیەدا خۆراکی تەندروست بخۆن، دوورکەونەوە لە جگەرەکێشان و رۆژانەش بەشێوەیەکی رێکوپێک چالاکی جەستەیی ئەنجامبدەن.

Back to top button