لە ماڵپەڕێکی نزیکی یەکێتییەوە: ڕێواز فایەق كاندیدی سەرۆکی پەرلەمان دهبێت
لە ماڵپەڕێکی نزیک لە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، داوا دەکرێت ڕێواز فایەق، ئەندامی فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی کوردستان بۆ پۆستی سەرۆکی پەرلەمان کاندید بکرێت.
ماڵپەڕی (ڕاچڵەکین)ی نزیک لە یەکێتی و باڵی كۆسرهت ڕهسولهوه، لە ڕێگەی وتارێکەوە کە کەسێک بە ناوی (شوان هەرکی) نووسیویەتی، باسی لەوە کردووە کە هەست بەوە دەکرێت، میزاج و عیناد کە چەند ساڵێک باڵی بەسەر یەکێتیدا کێشابوو، “بەرەو کۆتایی دەچێت، هاوکات بەپێویست زانراوە کە لەم قۆناغەی پەرلەمانی کوردستاندا، “کەسێک دابنرێت کە شارەزایی تەواوی لە یاسادا هەبێت و لە سیاسەتیش بزانێت”. جەختیش کراوەتەوە: “دڵنیام ئەو کەسەی لەناو فراکسیۆنی یەکێتیدا دەتوانێت ئەو ڕۆڵە بگێڕێت، ڕێواز فایەقە”. باسیش لەوە کراوەکە کە ڕێواز فایەق لە خولی چوارەمی پەرلەمان، ڕۆڵێکی کاریگەری لە یاساکانی پەرلەماندا هەبووە و “ئەوەی گرنگتریشە، دکتۆرای لە قانوندا هەیە”.
لە بەشێکی دیکەی وتارەکەدا ئاماژە بەوە دراوە کە چۆن ڕێواز فایەق لە کۆنگرەی یەکێتیدا دەنگی پێویستی بۆ چوونە سەرکردایەتیی یەکێتی هێناوە، بەڵام لەسەر داوای مام جەلال، سکرتێری کۆچکردووی یەکێتی، دەستبەرداری ئەو مافەی بووە. لە کۆتاییشدا نووسیویەتی، ئەو کارە “تەنها بە کەسێک دەکرێت پەرێزی پاک و بێگەرد بێت، بێگەرد بێت لە گەندەڵی و لەم واقیعە تاڵەی کوردستان ڕای نەکردبێت”. بۆیە داوای کردووە پشتیوانی لە ڕێواز فایەق بکەن.