یه‌كێتی نه‌یتوانیووه‌ سه‌رۆكی په‌رله‌مان له‌ نیوان بێگه‌رد تاڵه‌بانی و ڕێواس فایه‌ق یه‌كلایی بكاته‌وه‌

به‌هۆی ناكۆكییه‌كانی ناوخۆی یه‌كێتی ململانێی كاندیده‌كانی یه‌كێتی بۆ پۆسته‌ حكومییه‌كان توندتر بووه‌و پێناچیت دیاریكردنی كاندیده‌كان كارێكی ئاسایی و بێ كۆسپ و ته‌گه‌ره‌ بێت .

به‌ پێی زانیارییه‌كانی ” خـواكـوڕك ” كۆبونه‌وه‌ی مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتی له‌ رۆژی شه‌ممه‌ی ڕابردوو نه‌یتوانیوه‌ سه‌رۆكی په‌رله‌مان له‌ نێوان بێگه‌رد تاڵه‌بانی ڕێواس فایه‌ق یه‌كڵایی بكاته‌وه‌ و ململانێی نێوان باڵی تاڵەبانی وباڵی كۆسرەت رەسوڵ توندتر بووه‌ته‌وه‌ .

به‌ پێی زانیارییه‌كان ، ئێستا یه‌كێتی به‌ نیازه‌ له‌ ڕێگه‌ی ئه‌نجومه‌نی سه‌ركردایه‌تیه‌وه‌ پرسی كاندیده‌كانی بۆ سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مانی كوردستان به‌ ده‌نگدانی ئاشكرا یه‌كڵایی بكاته‌وه‌ ،به‌ڵام كۆسره‌ت ره‌سوڵ عه‌لی جێگری سكرتێری گشتی یه‌كێتی ڕازی نابێت كاندیده‌كه‌ی ده‌نگدانی ئاشكرای له‌ ئه‌نجومه‌نی سه‌ركردایه‌تی حزبه‌كه‌ی بۆ بكرێت مه‌رجی داناوه‌ بۆ باڵی تاڵه‌بانی كه‌ ئه‌گه‌ر كاندیده‌كه‌ی بخرێته‌ ده‌نگدانه‌وه‌ له‌ ئه‌نجومه‌نی سه‌ركردایه‌تی ئه‌واده‌بێت لەو حاڵەتەدا قوباد تاڵه‌بانی یش بخرێته‌ ده‌نگدانه‌وه‌ بۆ جێگری سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێم .

له‌م حاڵه‌ته‌دا ئه‌گه‌ر یه‌كێتی نه‌توانێت كاندیده‌كانی بۆ سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مانی كرودستان یه‌كلایی بكاته‌وه‌ ناچار په‌نا بۆ كۆبونه‌وه‌ی په‌رله‌مانی كوردستان ده‌بات و پرسی كاندیده‌كانی ده‌خاته‌ ده‌نگدانی په‌رله‌مانتارانه‌وه‌ ،له‌م حاڵه‌ته‌شدا كیشه‌و گرفت بۆ په‌رله‌مان دروست ده‌بیت و یه‌كێتی كێشه‌ ناو خۆییه‌كانی خۆی ده‌خاته‌ ناو په‌رله‌مانه‌وه‌ ،ئه‌مه‌ش بۆخۆی تێبینی لایه‌نه‌كانی له‌سه‌ر دروست بووه‌ و ئه‌گه‌ریشی هه‌یه‌ كۆبونه‌وه‌ی په‌رله‌مانی كوردستان رۆژی ۱۸ـی شوباتی ۲۰۱۹ به‌رێوه‌ نه‌چیت .

Back to top button