حزبی سۆسیالیست: پشتیوانی لە هەموو حكومەتێك دەكەین ئەگەر بەشدار بین یان نا
دوای ئەوەی شاندی پارتی دیموكراتی كوردستان بە مەبەستی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكوومەت سەردانی حزبی سۆسیالیست دیموكراتی كوردستانی كرد, ئەندامێكی ئەنجومەنی سەركردایەتیی حزبی سۆسیالیست دیموكراتی كوردستان رایگەیاند كە لە كۆبونەوەی 18ی شوباتی پەرلەمانی كوردستان بەشداردەبن و پشتیوانی لە هەموو حكومەتێك دەكەین ئەگەر بەشدار بن یان بەشدار نەبن لەو حكومەتەدا.
هێمن عەبدوڵڵا، ئەندامی ئەنجومەنی سەركردایەتی حزبی سۆسیالیست ڕایگەیاند: كۆبونەوەیان لەگەڵ پارتی دیموكراتی كوردستان چەند تەوەرێكی لە خۆگرتبوو پرسی بەشداریكردنیشیان لە حكومەت لە كۆبونەوەی مەكتەبی سیاسی و سەركردایەتی سۆسیالیست بڕیاری لەسەر دەدرێت.
ئاشكراشیكرد: لە كۆبونەوەكەدا گفتوگۆ لەبارەی كۆبونەوەی 18ی ئەم مانگەی پەرلەمانی كوردستانەوە كراوە كە بڕیارە دەستەی سەرۆكایەتی تێدا هەڵبژێردرێت، پشتیوانیی حزبەكەشی دووپاتكردەوە و وتی: پشتیوانی لە هەموو حكومەتێك دەكەین ئەگەر بەشدار بین یان نا، چونكە خوێنمان بۆ ئەو حكومەتە ڕشتوە، بۆیە لە كۆبونەوەی پەرلەمانیش بەشدار دەبین.
بەپێی میدیاكانی حزبی سۆسیالیست، لە كۆبونەوەكەدا باس لە پێكهێنانی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان و ڕەوشی سیاسی هەرێم و عیراق و ناوچەكە پەیوەندیەكانی نێوان هەردوو حزب كراوە.
ئاماژەیان بەوەشداوە كە لە كۆبونەوەكەدا گفتوگۆش لەسەر ئاسایكردنەوەی پەیوەندیەكانی هەرێمی كوردستان و بەغدا كراوە و بە گرنگ زانراوە كە مافە دەستوریەكانی گەلی كورد لە دەستووری عیراقیدا هاتووە لە كابینەی عادل عەبدولمەهدی بچەسپێنرێت و كابینەی نوێی عیراق ببێتە سەرەتایەكی باش لە بە دەستهێنانی مافەكانی گەلی كورد لە چوارچێوەی عیراقی فیدراڵ.