سلێمانی : ٥۷ ڕۆژه تاریق رۆستهم حهمهساڵح بێسهروشوێنه
تارق رۆستەم حهمه ساڵح، تەمەنی ۳۹ ساڵە و باوكی چوار منداڵە، دانیشتووی شاری سلێمانییە و دووكانی سەوزە فرۆشتنی هەبوو لە شەقامی مەولەوی شاری سلێمانی ، ئێوارەی رۆژی ۱۸ی۱۲ی۲۰۱۸ ، دوای تەواوبوونی كارەكەی دەرگای دووكانەكەی داخست و خواحافیزی لە كاسبكارانی گوزەرەكە كرد ،سواری ئۆتۆمبێلەكەی دەبێت بگەڕێتەوە ماڵەوە، بەڵام شوێن بزر دهبێت و ۵۷ رۆژە ونە و مۆبایلەكەشی داخراوە.
لای خۆیهوه سەركەوت ئەحمەد،بهڕێوبهری راگەیاندن و پەیوەندییەكانی پۆلیسی سلێمانی راگەیاند: “دەستمان بە لێكۆڵینەوە كردووە، بەڵام تا ئێستا هیچ سەرەداوێكمان لەبارەی ونبوونی ئەو پیاوە دەستنەكەوتووە”.
بهڕێوبهری راگەیاندن و پەیوەندییەكانی پۆلیسی سلێمانی ،گوتیشی :”دۆسیەكەمان نارد بۆ دادگا بۆ ئەوەی بڕیاری دادوەر وەربگرین و گوێ لە دوایین پەیوەندییەكانی ئەو پیاوە بگرین، بەڵام لەبەر لێكۆڵینەوە جارێ هیچ زانیارییەك ئاشكرا ناكەین”.
بێخاڵ رۆستەم حهمه ساڵح كە خوشكی تارق ڕۆستهم حهمه سالح ـه ، گووتی :”ئێمە ۱۰ خوشك و دوو براین، براكەی دیكەمان لە دەرەوەیە، بۆیە زۆر سەبووریمان بە تارق دەهات. ئەوە دوو مانگێكە لێمان ونە، نازانین چی بەسەرهاتووە”.
بێخاڵ ڕۆستهم رەتیكردەوە براكەی كێشەی لەگەڵ كەس هەبووبێ و دهشلێت: “ئێمە ئاگاداری ژیانی براكەم بووین، هیچ كێشەیەكی نەبوو. هیچ شتێكی لە دایكم و هاوژینەكەی نەشاردووەتەوە. دوای ونبوونی لە براژنەكەم پرسی ئایا هەستی بە هیچ شتێك نەكردووە، براكەم هیچ شتێكی بۆ باس نەكردووە، نەیگوتووە كێشەم هەیە یان نەخۆشم؟ براژنەكەم گوتی نەخێر هیچ شتێكی بە من نەگوتووە و هەستیشم نەكردووە هیچ كێشەیەكی هەبێ.”
كەسوكاری تارق لەو رۆژەوە چاوێكیان لە دەرگایە و چاوێكیشیان لەسەر مۆبایلەكانیانە، بەڵكو تارق لەو دەرگایەی لێی دەرچوو، بگەڕێتەوە، یان كەسێك بە تەلەفۆن هەواڵی مان و نەمانی تارقیان پێبدات.