پارتی و یەكێـتی بۆ تاوتوێكردنی رێككەوتنی نێوانیان بڕیارە لە سلێمانی كۆببنەوە
دوای ئەوەی هەردوو مەكتەبی سیاسی پارتی و یەكێتی هاوڕابوون بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان رێككەوتنێك بۆ چوار ساڵ واژۆ بكەن, وا بڕیارە لە دوو رۆژی داهاتوودا شاندی باڵای یەكێتیی نیشتمانی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ تاوتوێكردنی دوایین رەشنووسی پرۆژە سیاسییەكەی نێوانیان، كۆدەنەوە.
سەعدی ئەحمەد پیرە، وتەبێژی یەكێتیی نیشتمانی كوردستان بە میدیای فەرمیی حیزبەكەی راگەیاندووە: بڕیارە رۆژی هەینی هەردوو مەكتەبی سیاسیی یەكێتی و پارتی لە بارەگای مەكتەبی سیاسیی یەكێتی لە سلێمانی كۆببنەوە.
سەعدی پیرە دووپاتیشیكردەوە، ئامانج لەو كۆبوونەوەیە بۆ گفتوگۆكردنە لە سەر پڕۆژەی سیاسی و رەشنووسی رێككەوتنی كۆتایی نێوانیان، بەڵام تا ئێستا پارتی دیموكراتی كوردستان هیچ راگەیەندراوێكی فەرمی لەم بارەیەوە رانەگەیاندووە.
ئەمە لەكاتێكدایە، ئەمڕۆ مەكتەبی سیاسیی یەكێتی لەبارەی پێكھێنانی كابینەی نوێی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان و واژۆكردنی رێككەوتنی سیاسی لەگەڵ پارتی كۆبووەوە، دوای كۆبوونەوەكە مەكتەبی سیاسیی یەكێتیی نیشتمانی كوردستان، لە راگەیەندراوێكدا، ئەنجامدانی كۆبوونەوەی رۆژی 18ـی شوباتی پەرلەمانی كوردستان، بە مەرجی واژۆكردنی رێككەوتنامەی سیاسیی نێوان پارتی و یەكێتی دەبەستێتەوە.
لە راگەیەندراوەكەی یەكێتیدا ھاتووە: “لە كۆبونەوەكەدا جەخت كرایەوە، كۆبونەوەی (18ی شوبات)ی پەرلەمانی كوردستان بەندە بە ئیمزاكردنی رێككەوتنامەی سیاسی لەنێوان یەكێتی و پارتی، وەك یەك پاكێچ بۆ هەرێم و بەغدا و كەركووك و پرسە نەتەوەیی و نیشتمانییەكان، بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی پەیوەندار بە پرۆسەی سیاسی و حوكمڕانی و بەدیهێنانی شەراكەتی راستەقینە لە بڕیاردان و راپەڕاندنی ئەركەكاندا. بۆ ئەم مەبەستە مەكتەبی سیاسی هەڵوێستی یەكێتییی نیشتمانی كوردستان بۆ رێككەوتنی سیاسیی گشتگیر لەنێوان یەكێتی و پارتی دووپاتكردەوە”.
لە بەشێكی دیكەی راگەیەندراوەكەی مەكتەبی سیاسیی یەكێتیدا ئاماژە بەوەكراوە: “دۆخی كەركووك و ناوچە كوردستانییە دابرێنڕاوەكان بە وردی هەڵسەنگێندرا، مەكتەبی سیاسی، پرسەكە وەك پرسێكی نیشتمانیی و نەتەوەیی دەبینێ و بەرپرسیارێتیی هەموو هێزە كوردستانییە تێكۆشەرەكانە هەوڵی چارەسەركردنی دۆخی نائاسایی ئەو ناوچانە بدەن”.