گەنجێك ئامادەیە لەتێك لە جگەری خۆی بە كچە تاقانەیەك ببەخشێت كە بە هۆی لە دەستدانی جگەری ژیانی لە مەترسیدایە

 

دووای ئەوەی لە میدیاو سۆشیالمیداكان كچێك نیشاندرا كە بە هۆی ڤایرۆسێك جگەری لە دەستداوە, پاش بینینی دیمەنی دایكی بە دیار كچە تاقانەكەی دەگریت, گەنجێكی خەڵكی شارۆچكەی زەڕایەن لە شارەزوور، كە پیشەی پۆلیسە، بەشێك لە جگەری خۆی بە ئاڵا میقداد دەبەخشێت.

ئاڵا میقداد، كە كچێكی تەمەن 22 ساڵی دەستگیراندارە، ماوەی حەوت رۆژە لە نەخۆشخانەی ژین لە هەولێر بێهۆشە، ئەوەش بەهۆی پەككەوتنی جگەری.

شەمێران قادر محەممەد، پۆلیس لە بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی هەولێر كە دانیشتووی شارۆچكەی زەڕایەنە لە سلێمانی، وەك خۆبەخشێك لە سلێمانییەوە هاتە هەولێر بۆ رزگاركردنی ژیانی ئاڵا میقداد.

بەگوتەی پزیشكانی نەخۆشخانەی ژین، شەمێران قادر سەرجەم مەرجە سەرەتاییەكانی وەك جۆری خوێن و تەمەنی تێدا بووە، دوای پشكنینی پزیشكیش دەركەوتووە دەتوانێ بەشێك لە جگەری خۆی بە ئاڵا میقداد ببەخشێت.

شەمێران قادر رایگەیاندووە”پیرۆزبایی لە خۆم و خانەوادەكەم دەكەم كە جگەری من بۆ ئاڵا گونجاوە و دەتوانم پێی ببەخشم. من كە فرمێسكی دایكی ئاڵام لە رووداو بینی گوتم هەر چی بە من بكرێت بۆ رزگاركردنی ژیانی ئەو كچە دەیكەم”.

شەمێران قادر دوو هاوژین و سێ منداڵی هەیە و دەڵێت “دوو هاوژینەكەم موژەدەی ئەوەیان پێدام و پیرۆزباییان لێكردم كە جگەرم بۆ ئاڵا دەبێت و زۆر پشتیوانم بوون”.
هاوكات رێكخراوی بەخشینی خوێن و ژیان لە ھەولێر رایگەیاند، ئاڵا میقداد پێویستی بە 50 بوتڵ خوێنە لە جۆری ئۆ زائید (O+) و شەمێران قادریش پێویستی بە 25 بوتڵی خوێنی جۆری ئۆ ناقسە (O-). هەر كەس دەتوانێت خوێن ببەخشێ پەیوەندی بە لقی ھەولێری رێكخراوی بەخشینی خوێن و ژیان بكات (07501443814).

هۆگر عەزیز، گوتەبێژی پۆلیسی هەولێر رایگەیاندووە:” راستە شەمێران قادر دانیشتووی زەڕایەنە لە سلێمانی بەڵام پۆلیسە لە هەولێر و ئەمڕۆش عەبدولخالق تەلعەت، بەڕێوەبەری پۆلیسی هەولێر پێشوازی لێكردووە و دەستخۆشی ئەو كارە خۆبەخشانەی لێكردووە.

ئاڵا میقداد تاقانەی دایك و باوكییەتی، تەنیا دوو هەفتەی دوای ئاهەنگی مارەبڕینی، تووشی نەخۆشی كتوپڕی پەككەوتنی جگەر بوو.

Back to top button