نێردەی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ عێراق: ئێستا دەرفەتێكی گونجاوە بۆ رێككەوتنی هەولێر و بەغدا
دوای ئەوەی ئەمڕۆ كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی ئاسایش بەڕێوەچوو, لە كۆبوونەوەكەدا نێردەی نەتەوەیەكگرتووەكان بۆ عێراق راپۆرتێكی پێشكەش بە ئەنجوومەنەكە كرد و رایگەیاند، داوا لە بەغدا و هەولێر دەكات ئەو دەرفەتەی ئێستا هەیە بقۆزنەوە بۆ نەهێشتنی جیاوازییەكانیان و گەیشتنە چارەسەرێكی ماوەدرێژ.
جەنین هێنیس پلاسشخات، نێردەی نەتەوەیەكگرتووەكان بۆ عێراق لە كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی ئاسایشدا رایگەیاند “داوا لە بەغدا و هەولێر دەكەم ئەم دەرفەتە بقۆزنەوە بۆ نەهێشتنی جیاوازییەكانیان و گەیشتنە چارەسەرێكی ماوەدرێژ دەربارەی بابەتە دیارەكان”.
نێردەی نەتەوەیەكگرتووەكان گوتیشی “بودجەی فیدراڵی 2019 گەرەنتی پێدانی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان و هێزەكانی پێشمەرگە لەلایەن حكومەتی فیدراڵییەوە دەكات”.
جەنین ئەنسپلاشێت گوتیشی “نەتەوەیەكگرتووەكان بە فەرمی پێشوازی لە رێككەوتنی 16ـی كانوونی یەكەم لەنێوان هەولێر و بەغدا دەكات. پێویستە جێبەجێكردنی رێكەوتنی 16ـی كانوونی یەكەم ئەولەویەتی هەولێر و بەغداش بێت”.
نێردەی نەتەوەیەكگرتووەكان جەختیكردەوە، نیگەرانن لەبارەی تەواونەكردنی پرۆسەی پێكهێنانی حكومەتی عێراق، هەروەها پێویستە پەلە بكرێت لە پێكهێنانی حكومەتی نوێی هەرێمی كوردستان.
هەر لەو كۆبوونەوەدا، كاكو لیۆ ئادۆم، باڵیۆزی ساحل عاج و ئەندامی ئەنجوومەنی ئاسایش رایگەیاند “پێشوازی لە كۆبوونەوەی نێوان نێچیرڤان بارزانی و عادل عەبدولمەهدی دەكەین بەتایبەتی دوای ئەو كێشانەوەی كە بەهۆی گشتپرسی و دۆخی كەركووكەوە لە نێوان حكومەتی عێراق و حكومەتی هەرێمی كوردستان دروستبووبوون”.