وەزارەتی گواستنەوەو گەیاندن: ئاڵوگۆڕی پۆستە لە نێوان هەرێم و دەرەوە دەستپێدەكاتەوە

دوای ئەوەی لە چەند ساڵی رابردوو بەهۆی ئەو باروودۆخەی بەسەر کوردستانداهات، هەناردەکردن و هێنانی پۆستە لە هەرێمی کوردستان وەستێنران، وتەبێژی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئاشكرای كرد، كێشەی وەستانی پۆستە چارەسەر كراوە و لە ئایندەیەكی نزیكدا ناردنی پۆستە بۆ هەموو وڵاتانی جیهان دەست پێ دەكاتەوە.

ئومێد محەمەد، وتەبێژی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن رایگەیاندووە: “بە هۆی هەبوونی كێشەیەك لە پۆستەدا ماوەی زیاتر لە ساڵێكە ناردن و هێنانی پۆستە لە نێوان هەرێمی كوردستان و وڵاتانی دەرەوەدا ڕاگیراوە، بەڵام لەگەڵ وەزارەتی گەیاندنی عێراق گەیشتوونەتە ڕێككەوتن و بڕیارە لە ئایندەیەكی زۆر نزیكدا دەست بە هەناردەكرن و هاوردەكرنی پۆستە بكرێت لە نێوان هەرێمی كوردستان و وڵاتانی جیهاندا.”

گوتەبێژی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن ئاماژەی بۆ ئەوە كرد: “كێشەی ڕاگرتنی پۆستە لەوەدا بوو ئەو پۆستانەی لە هەرێمی كوردستانەوە ڕەوانەی وڵاتانی بیانی دەكران كاتی گەیشتنی پۆستە بۆ هەر وڵاتێك پۆستەی ئەو وڵاتە ئەركی دابەشكردنی لەخۆ دەگرت، بەڵام پارەی دابەشكردنەكە لەسەر حكوومەتی عێراق هەژمار دەكرا، چونكە عێراق دەوڵەتە و یەك سیستەمی پۆستەی هەیە، ئێستا ملیارێك دینار پارەی كرێی پۆستەمان خستووەتە سەر ژمارەی بانكی وەزارەتی گەیاندنی عێراق و زیاتر لە ملیارێكیش بە شێوەی مانگانە بۆیان خەرج دەكەین، هیچ كێشەیەك لە بواری پۆستەدا نەماوە و چاوەڕێین لە ڕۆژانی داهاتوودا پڕۆسەی پۆستە بۆ دەرەوە دەست پێ بكاتەوە.”
ئومێد محەمەد ڕوونی كردەوە: “پۆستەی ناوخۆ بەردەوام كار دەكات و تەنیا پۆستەی نێودەوڵەتی ڕاگیراوە، چونكە پێشتر ڕۆژانە 10 تۆن پۆستە لە هەرێمی كوردستانەوە ڕەوانەی وڵاتان دەكرا و ڕێژەیەك هاوشێوەی پۆستە دەگەیشتە هەرێمی كوردستان، كە هەموو بوارەكانی لەخۆ دەگرت و زۆر كارئاسانی بۆ هاووڵاتیان و كۆمپانیاكان تێدا بوو.”

Back to top button