گۆڕان داوای پۆستی جێگری سهرۆكی ههرێم له پارتی دهكات
سەرکردەیەکی گوڕان ڕایگەیاند، یەکێتی سوورە لەسەر ئەوەی پۆستی جێگری سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان وەربگرێت. ئەوەشی نەشاردەوە کە پۆستی جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان “پۆستێکی باشە” و ئەگەر هەیە وەریبگرن.
شێخ عومەر کاکە حەمە، ئەندامی جڤاتی گشتیی بزووتنەوەی گۆڕان ڕایگەیاند: “ھەرچەندە پارت و لایەنە سیاسییەکان لەسەر پێکھێنانی کابینەی داھاتووی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ڕێک نەکەوتوون، بەڵام یەکێتی سوورە لەسەر ئەوەی پۆستی جێگری سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان وەربگرێت”. ئەوەشی نەشاردەوە کە یەکێتی مەبەستیەتی ئەو پۆستە بۆ قوباد تاڵەبانی، بێت و لەو پۆستەدا بمێنێتەوە.
ئەندامەکەی جڤاتی گشتیی گۆڕان باسی لەوە کرد کە گۆڕان پۆستی جێگری سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە مافی خۆی دەزانێت، بەڵام “ئەگەر بڕیار درا بەشداری لە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بکەین و پۆستی جێگری سەرۆکی حکومەت وەرنەگرین، ئەوکاتە ئێمە پۆستی جێگری سەرۆکی ھەرێم وەردەگرین، چونکە ئەو پۆستەش پۆستێکی باشە و ئێمە دەتوانین خزمەتی خەڵکی بکەین”.
ئەمە لە کاتێکدایە کە پەرلەمانتارانی فراکسیۆنی پارتی باس لەوە دەکەن، کۆبوونەوەی پەرلەمانی کوردستان وەک بڕیاری لێ دراوە، لە ١٨ی شوباتدا ئەنجام دەدرێت تەنانەت ئەگەر یەکێتیش بەشداری نەکات، هەر لەو کۆبوونەوەیەشدا دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان و ڕێکارە یاساییەکانی دیکە ئەنجام دەدرێن.