ئومێد خۆشناو : خوازیارین كۆبونه‌وه‌كه‌ ئه‌نجام بدرێت و كۆتایی به‌ چاوه‌ڕوانی خه‌ڵك بهێنرێت

ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ ۱٤ی۲ی۲۰۱۹، ئومێد خۆشناو سه‌رۆكی فراكسیۆنی پارتی له‌ په‌رله‌مانی كوردستان له‌باره‌ی ئاماده‌كاری بۆ كۆبونه‌وه‌كه‌ی ڕۆژی ۱۸ـی شوبات ڕایگه‌یاند:” وه‌ك فراكسیۆنی پارتی، خوازیارین ئاماده‌كارییه‌كان ته‌واو بكرێن و رۆژی ۱۸ی۲ی۲۰۱۹ كۆبوونه‌وه‌ی په‌رله‌مانی كوردستان ئه‌نجام بدرێت و كۆتایی به‌و چاوه‌ڕوانییه‌ی خه‌ڵك بهێنرێت، كه‌ ده‌نگیانداوه‌ بۆ ئه‌وه‌ی نوێنه‌رانیان كاریان بۆ بكه‌ن و په‌رله‌مانه‌كه‌یان كارا بێت و كابینه‌ی نوێی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان متمانه‌ی پێبدرێت. تا ئێستاش هیچ فراكسیۆنێك هه‌وڵی ئه‌نجام نه‌دانی كۆبوونه‌وه‌كه‌ی نه‌داوه‌ و داوای دواخستنی نه‌كردووه‌”.

سه‌رۆكی فراكسیۆنی پارتی گوتیشی : “تا ئێستا ئاماده‌كارییه‌كان بۆ ئه‌وه‌ ده‌كرێن، كه‌ ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تیی په‌رله‌مان هه‌ڵبژێردرێت و به‌ گوێره‌ی یاسای هه‌ڵبژاردن و پێڕه‌وی ناوخۆی پێشوو ده‌بێت، به‌وه‌ی سه‌رۆك و جێگری سه‌رۆك و سكرتێری په‌رله‌مانی كوردستان هه‌ڵده‌بژێردرێن. بۆیه‌ ئومێده‌وارین ئه‌و لایه‌نانه‌ی كاندیده‌كانیان دیاری نه‌كردووه‌، كاندیده‌كانیان دیاری بكه‌ن و هێشتا كاتمان به‌ ده‌سته‌وه‌ ماوه‌. ئێمه‌ وه‌ك فراكسیۆنی پارتی كاندیدمان دیاره‌ و هێمن هه‌ورامی كاندیدی جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مانه. سه‌رۆكی په‌رله‌مانیش به‌ركه‌وتی یه‌كێتیی نیشتمانی كوردستانه‌ و هیوادارین كاندیده‌كه‌یان دیاری بكه‌ن. سكرتێری په‌رله‌مانیش بۆ پێكهاته‌ی توركمانه‌ و هیوادارین ئه‌وانیش كاندیدی خۆیان دیاری بكه‌ن. وه‌ك فراكسیۆنی پارتی چاوه‌ڕێی كاندیدی ئه‌و لایه‌نانه‌ین و به‌رێزه‌وه‌ ده‌نگیان پێده‌ده‌ین‌”.

ئومێد خۆشناو سه‌رۆكی فراكسیۆنی پارتی له‌ په‌رله‌مانی كوردستان ده‌شلێت :” كۆبوونه‌وه‌ی رۆژی ۱۸ـی مانگ له‌سه‌ر بنه‌مای كۆبوونه‌وه‌ی رۆژی ۵/۲ـی پارتی و یه‌كێتییه‌ و دواتر له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌كانی دیكه‌ قسه‌ و گفتوگۆ كراوه‌ ، وه‌كو فراكسیۆنیش كۆبوونه‌وه‌مان له‌گه‌ڵ فراكسیۆنه‌كانی دیكه‌ كردووه‌ و هه‌موومان ئاماده‌یی ئه‌وه‌مان هه‌بووه‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌ ئه‌نجام بدرێت”.

Back to top button