ناتانیاهۆ: لە كۆنفرانسی وارشۆ جیهان بینی كە ئێمەو زۆرێك لە وڵاتان تێڕوانینمان هاوبەشە بۆ هەڕەشەكانی ئێران

 

دوای ئەوەی كۆنفرانسی وارشۆ لە وارشۆی پایتەختی پۆلەندا بەڕێوەچوو, سەرۆكوەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاند رۆژی یەكەمی كۆنفرانسی وارشۆ، وەچەرخانێكی مێژوویی بوو، یەكەمجارە ئیسرائیل و ژمارەیەك لە وڵاتانی عەرەبی هەمان تێڕوانینمان بۆ هەڕەشەكانی ئێران بۆ سەر رۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەبێت.

بنیامین ناتەنیاهوو، سەرۆكوەزیرانی ئیسرائیل لە پەراوێزی كۆنفرانسی ئاشتی و ئاسایشی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست كە لە وارشۆ بەڕێوەدەچێت رایگەیاند: “ئەوەی ئێمە دوێنێ هەمانبوو، وەچەرخانێكی مێژوویی بوو كە تێیدا سەرۆكوەزیرانێكی ئیسرائیل و هەروەها وەزیرانی دەرەوەی ژمارەیەك لە وڵاتانی دیاری عەرەبی بەیەكەوە كۆبوونەوە و هاوڕابوون.”

ناتەنیاهوو راشیگەیاند، ئیسرائیل و ئەو وڵاتە عەرەبیانە كۆكبوون لەسەر ئەوەی گەورەترین هەڕەشەی سەر ئاسایش و ئاشتی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئێران و رژێمەكەیەتی.

رۆژی چوارشەممە لووتكەی ئاشتی و ئاسایشی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە وارۆشۆ دەستی بەكارەكانی كرد و هەریەكە لە مایك پێنس جێگری سەرۆكی ئەمریكا، مایك پۆمپیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریكا و هەروەها سەرۆكوەزیرانی ئیسرائیل و نوێنەری چەندین وڵاتی دیكە لە نێویاندا چەند وڵاتێكی عەرەبی بەشدارییان لە كۆنفرانسەكەدا كرد.

كۆنفرانسەكە كۆكردنەوەی پشتگیریی بوو بۆ زیاتر لە 60 وڵات كە زۆربەیان رەخنەیان لە هەندێك لە سیاسەتەكانی ئێران هەیە و هەندێكیشیان وەك نەیاری تاران دەناسرێن.

بنیامین ناتەنیاهوو، سەرۆكوەزیرانی ئیسرائیل بەر لە دەستپێكردنی كۆنفرانسەكە چەند جارێك رایگەیاندبوو، سەرنجی سەرەكی كۆنفرانسەكە لەسەر رووبەڕووبوونەوەی ئێرانە لە ناوچەكە.

Back to top button