پوتین: ناوچەی ئارام لە سوریا بە رەزامەندی حكومەتی سوریا نەبێت قبولمان نیە
دوای ئەوەی ئەمریكا پێشنیاری ناوچەیەكی ئارامی لە سنوری نێوان رۆژئاوای كوردستان و باكوری كوردستان(توركیا و سوریا) كرد,كە توركیا پشتگیری پێشنیارەكەی ئەمریكای كردووە, رووسیا بە توركیای راگەیاندووە، بەبێ رەزامەندی بەشار ئەسەد، مافی دروستكردنی هیچ ناوچەیەكی ئارامی لە سووریا نییە.
ڤلادمیر پوتن، سەرۆكی رووسیا، دیدارێكی بۆ رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆكی توركیا و حەسەن رۆحانی سەرۆك كۆماری ئیسلامی ئێران لە شاری سۆچی رووسیا رێكخست و تیایدا باسی داهاتووی سووریایان كرد.
بەگوێرەی ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی رووسیا رایگەیاندووە: “ئەنقەرە پێویستی بە گلۆپی سەوزی ئەسەد دەبێت گەر بیەوێت هەر جۆرە ناوچەیەكی ئارام لە سووریا دروست بكات”.
ئەمەش لە كاتێكدایە، توركیا سوورە لەسەر ئەوەی كۆتایی بە دەسەڵاتی هێزەكانی یەپەگە و پەیەدە لە سووریا بهێنێت و پێشتریش سەرۆكەكەی رایگەیاندبوو: “توركیا بۆ لەناوبردنی تیرۆرستان بڕیار لە كەس وەرناگرێت”.
رووسیا هۆشداریشی داوەتە توركیا، دەبێت بە زووترین كات رێككەوتنی ئیدلب جێبەجێبكرێت كە تیایدا توركیا بەڵێنی دابوو ئۆپۆزسیۆنە چەكدارەكان لەو شارە بكاتە دەرەوە.
لە ساڵی 2017ەوە، چوارەم جارە دیداری سووچی لە نێوان رووسیا، توركیا و ئێران بەڕێوە دەچێت و و تیایدا ئەو سێ وڵاتە هەوڵی دروستكردنی یەك هەڵوێستی دەدەن لەسەر پرسی ئێستای سووریا.