هەواڵی کۆچی دوایی دکتۆر کەمال مەزهەر ڕەت دەکرێتەوە

پاش ئەوەی بەیانیی ئەمڕۆ شەممە ١٦ی شوباتی ٢٠١٩، ژمارەیەک نووسەر و پاشانیش دەزگاکانی راگەیاندن هەواڵی کۆچی دوایی دکتۆر کەمال مەزهەر، مێژوونووس و نووسەری ناوداری کوردیان بڵاو کردەوە و قوباد تاڵەبانیش پەیامی سەرەخۆشی ئاراستەی بنەماڵەکەی کرد، مامۆستایەکی زانکۆ ئاشکرای دەکات کە هێشتا لە ژیاندایە.

کەمێک لەمەوبەر، دکتۆر جەبار قادر، مێژوونووس و مامۆستای زانکۆ، لە پێگەی تایبەتیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (فەیسبووک)، ئەو دەنگۆیانەی ڕەت کردەوە کە باس لە کۆچی دوایی دکتۆر کەمال مەزهەر دەکەن و ئاشکرای کرد کە قسەی لەگەڵ شەهلا خانی هاوسەری دکتۆر کەمال مەزهەر کردووە و زانیویەتی کە ناوبراو هێشتا لە ژیاندایە.

ئەوەشی نەشاردووەتەوە کە هاوسەرەکەی دکتۆر کەمال مەزهەر لە بڵاوبوونەوەی هەواڵی کۆچی دواییەکە نیگەرانە، هەر دوای بڵاوبوونەوەی دەنگۆکە، قوباد تاڵەبانی، پەیامێکی سەرەخۆشی بڵاو کردەوە و تێیدا خەمباریی خۆی ڕاگەیاند، بێئاگایی قوباد تاڵەبانی لە ژیان و مردنی دکتۆر کەمال مەزهەر لە کاتێکدایە کە ئەو مێژوونووسەی کورد، پەیوەندییەکی بەهێزی لەگەڵ جەلال تاڵەبانی، باوکی قوباد تاڵەبانیدا هەبووە و لەوە دەچێت دوای کۆچی دوایی تاڵەبانی، هیچ پەیوەندییەک لە نێوان هەردوو بنەماڵەدا نەمابێت.

 

 

Back to top button