هەوڵێکی بەپەلە لەبارەی دەنگۆی ڕازیبوونی پارتی بەپێدانی پۆستی پاێزگاری کەرکووك بە یەکێتی…

میدیای فەرمیی بزووتنەوەی گۆڕان بڵاوی کردووەتەوە، بەپێی ڕێککەوتنەکەی نێوان پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کە دوێنێ هەینی ١٥ی شوباتی ٢٠١٩ بەشێکی ڕاگەیاندرا، پارتی لەسەر پێدانی پارێزگاری کەرکووک بە یەکێتی ڕازی نەبووە.

پاش ئەوەش ژمارەیەک لە میدیاکانی یەکێتی بڵاویان کردەوە کە پارتی ڕازی بووە پۆستی پارێزگاری کەرکووک بە یەکێتی بدات، کەناڵی (KNN)ی فەرمیی بزووتنەوەی گۆڕان دەقی خاڵی حەڤدەهەمینی نێوان پارتی و یەکێتی بڵاو کردەوە و تێیدا ئاشکرای کرد کە پارتی بە پێدانی پارێزگاری کەرکووک بە یەکێتی ڕازی نەبووە.

بەپێی ئەو داڕشتنەوەیەی خاڵەکە بێت کە میدیای گۆڕان بڵاوی کردووەتەوە، کۆبوونەوەی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک هاوکات لەگەڵ کۆبوونەوەی پەرلەمانی کوردستان لە ١٨ی شوباتدا دەکرێت و کار بۆ ئاساییکردنەوەی دۆخی کەرکووک دەکرێت، ”دواتر کار دەکرێت بۆ هەڵبژاردنی پارێزگارێکی کورد“.

ئەمەش دەقی ئەو خاڵەیە کە میدیای گۆڕان بڵاوی کردووەتەوە: ”كۆبوونەوەی پەرلەمان لەكاتی خۆیدا دەكرێت، دەستەی سەرۆكایەتی هەڵدەبژێردرێت، كۆبوونەوەی ئەنجومەنی پارێزگای كەركووك دەكرێت بۆ ئاساییكردنەوەی دۆخی كەركووك‌ و دواتر كاردەكرێت بۆ هەڵبژاردنی پارێزگارێكی كورد بە لەبەر چاوگرتنی داواكارییەكانی یەكێتی بۆ ئەو پۆستە كە تێیدا لە ڕووی سیاسییەوە زیانی پێ نەگات“.

Back to top button