ئەنجوومەنی سەركردایەتی یەكێتی ڕاگه‌یه‌نراوێك له‌باره‌ی كۆبونه‌وه‌كه‌ی ئه‌مڕۆ بڵاو ده‌كاته‌وه‌

ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ ۱٦ـی شوباتی ۲۰۱۹ ئەنجوومەنی سەرکردایەتی یەکێتی به‌ سەرپەرشتی كۆسرەت ڕەسول عەلی- جێگری سكرتێری گشتی بۆ بڕیاردان لەسەر رێککەوتنی سیاسی لەگەڵ پارتی و دیاریکردنی بەربژێر بۆ پۆستی سەرۆکی پەرلەمان كۆبویه‌وه‌ .كەمێك پێش ئێستا كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی سەركردایەتی یەكێتی كۆتایی هات.

بەپێی زانیارییەکان،لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی یه‌كێتی سەعدی ئه‌حمه‌د پیرە لە گوتەبێژی یەکێتی لادراوه‌و له‌ جێگه‌ی لەتیف شێخ عومەر بە گوتەبێژی یەکێتی دانراوه‌ .

ده‌قی ڕاگه‌یه‌نراوی ئه‌نجومه‌نی سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتی

ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ ۱٦ی شوبات به‌سه‌رپه‌رشتی هه‌ڤاڵ كۆسره‌ت ره‌سوڵ عه‌لی جێگری سكرتێری گشتی و به‌ئاماده‌بوونی د.به‌رهه‌م ئه‌حمه‌د ساڵح جێگری دووه‌می سكرتێری گشتی، كۆبوونه‌وه‌ی ئاسایی ئه‌نجومه‌نی سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان، له‌ شاری سلێمانی به‌ڕێوه‌چوو.

كۆبونه‌وه‌كه‌، كه‌ به‌ ده‌قیقه‌یه‌ك وه‌ستان بۆ رێزگرتن له‌ گیانی پاكی شه‌هیدانی كوردستان ده‌ستیپێكرد، بارودۆخی سیاسی  كوردستان و عێراق و پارێزگای كه‌ركوك و ناوچه‌ كوردستانییه‌ دابڕێنراوه‌كان و  ناوچه‌كه‌ تاوتوێكرا و دواپێشهاته‌كانی پرۆسه‌ی گفتوگۆكان له‌باره‌ی رێكه‌وتنی سیاسی له‌ نێوان یه‌كێتی و پارتی بۆ  پرسه‌كانی هه‌رێمی كوردستان و به‌غدا و كه‌ركوك و پرسه‌ نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمانییه‌كان به‌وردی هه‌ڵسه‌نگێندرا و ڕاو بۆچوونی له‌باره‌وه‌ گۆڕدرایه‌وه‌.

ئه‌نجومه‌نی سه‌ركردایه‌تی، سیاسه‌تی یه‌كێتی دووپاتی ده‌كاته‌وه‌، كه‌ پابه‌نده‌ به‌ بنه‌ماكانی رێكه‌وتنی سیاسی نێوان مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتی و پارتی، كه‌ له‌ ڕۆژی (۵ی شوباتی ۲۰۱۹)  ئیمزاكراوه‌، كه‌ به‌ستنی كۆبونه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای كه‌ركوك بۆ دانانی پارێزگار و ئاسایی كردنه‌وه‌ی دۆخی پارێزگاكه‌ هاوكاتی دانیشتنی په‌رله‌مانی كوردستان بێت.

بۆیه‌ یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان جه‌خت ده‌كاته‌وه‌، ئاماده‌یه‌ بۆ رێكه‌وتنێكی سیاسی گشتگیر كه‌ پرسه‌كانی كوردستان و كه‌ركوك و عێراق وه‌ك یه‌ك پاكێچ رێكه‌وتنی سیاسی له‌گه‌ڵ پارتی له‌سه‌ر بكرێ، به‌هاوكاری و هاوبه‌شی هێزه‌ سیاسیه‌كانی كوردستان، له‌پێناوی به‌دیهێنانی یه‌كریزی لایه‌نه‌كانی كوردستان و شه‌راكه‌تی ڕاسته‌قینه‌، كه‌ له‌ خزمه‌تی  به‌رژه‌وه‌ندییه‌ بالاَكانی گه‌لی كوردستان بێت.

له‌م ڕوانگه‌یه‌وه‌ هه‌ر هه‌نگاوێك  به‌بێ رێكه‌وتنی سیاسی لایه‌نه‌كان، به‌تایبه‌تی یه‌كێتی و پارتی خزمه‌ت به‌ به‌رژه‌وه‌ندییه‌ بالاَكانی گه‌له‌كه‌مان و پرۆسه‌ی سیاسی ناكات، له‌كاتێكدا، كه‌ ناوچه‌كه‌ له‌به‌رده‌م گۆڕانكاریدایه‌ و به‌رژه‌وه‌ندی گه‌له‌كه‌مان ئه‌وه‌مان لێده‌خوازێت هه‌موو لایه‌نه‌كان یه‌كریز و یه‌كده‌نگ بن بۆ رووبه‌روبونه‌وه‌ی مه‌ترسیه‌كان و بۆ پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی گه‌له‌كه‌مان.

ئه‌نجومه‌نی سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان

۱٦ی۲ی۲۰۱۹

Back to top button