مه‌سرور بارزانی و نوێنه‌ری تره‌مپ له‌ هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی كۆبوونه‌وه‌

 

له‌ به‌رده‌وامی دیدار و كۆبوونه‌وه‌كانی له‌گه‌ڵ به‌رپرس و كاربه‌ده‌ستانی باڵای وڵاتانی جیهان له‌ په‌راوێزی كۆنگره‌ی ئاسایشی میونشن، مه‌سروور بارزانی، راوێژكاری ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان له‌ دووه‌م رۆژی كۆنگره‌كه‌دا له‌گه‌ڵ جێمس جێفری، نوێنه‌ری دۆناڵد تره‌مپ، سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا كۆبووه‌وه‌.

لە میانی كۆنفرانسی ئاسایشی میونشن له‌چوارچێوەی دیدار و کۆبوونەوەکانیدا، هه‌ر ئه‌مڕۆ مەسرور بارزانی راوێژكاری ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی هه‌رێم لەگەڵ چەندین بەرپرس و بڕیار بەدەستی وڵاتان کۆبووەوە، کە گرنگترینیان نێردەی نەتەوە یەکگرووەکان بۆ کاروباری سووریا، وەزیری دەرەوەی ئێران، وەزیری بەرگری بەریتانیا، وەزیری بەرگری تورکیا و یاریده‌ده‌ری جێگری وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مەریكا بۆ کاروباری ئێران و عێراق بوون.

بڕیاریشه‌ کۆبوونەوەکانی مەسرور بارزانی راوێژكاری ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی هه‌رێم به‌رده‌وامییان هه‌بێت و هەر ئەمڕۆ لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ئەڵمانیا و وڵاتی ئیمارات و چەند نوێنەرێکی دیکە کۆدەبێتەوە.

دوێنی هەینی ۱۵ی شوباتی ۲۰۱۹، مه‌سرور بارزانی راوێژكاری ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی هه‌رێم له‌گه‌ڵ هه‌ریه‌ك له‌ سێرگی لاڤرۆف، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی رووسیا، فالح فه‌یاز، راوێژكاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق و ژماره‌یه‌ك په‌رله‌مانتاری ئه‌ڵمانیا له‌ فراكسیۆنه‌ جیاوازه‌كان كۆبووه‌وه‌.

Back to top button