پارتی: كۆبوونەوەی پەرلەمانی كوردستان لەکاتی خۆیدا دەکرێت
- ئەندامێكی پەرلەمانی كوردستان لە فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان پێی وایە كە كۆبوونەوەی پەرلەمانی كوردستان لەوادەی خۆیدا دەكرێت دوا ناكەوێت.
خەدیجە عومەر، ئەندامی پەرلەمانی كوردستان لە فراكسیۆنی پارتی رایگەیاند، فراكسیۆنی پارتی پێشتر لەگەڵ هەموو فراكسیۆنەكان كۆبووەتەوە و هەمووان هاوڕابوون لەسەر ئەوەی بەشداری كۆبوونەوەكە بكەن، هەر چەندە پێشتر یەكێتی نیشتیمانیی كوردستان ئامادەییان پێشان دابوو بەشداری لە دانیشتنەكە بكەن، بۆیە هیوادارین بڕیارەكەیان نەگۆڕن و بەشداری كۆبوونەوەكە بكەن بۆ ئەوەی دەستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمان هەڵبژێرین و هەنگاوێك لە پێكهێنانی حكوومەت نزیك ببینەوە.
ئەو پەرلەمانتارەی پارتی زیاتر گوتی ، هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمان هەنگاوێكی باش دەبێت بۆ پێكهێنانی حكوومەت و بۆ ئەو مەبەستەیش ئامادەكاری باش كراوە كە دوای هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆكایەتی، دەست بە پێكهێنانی حكوومەتیش بكرێت.
عەمەر دووپاتی كردەوە كە پێش كۆبوونەوەی پەرلەمان لە 18ی ئەم مانگە، ئەگەری زۆرە پارتی و یەكێتی كۆبوونەوەیەكی تر ئەنجام بدەن بۆ دەربڕینی هەڵوێستیان لەبارەی پرسەكانەوە.
ئەمڕۆ شەممە، لە بانگێشتنامەیەكی فەرمی سایتی پەرلەمانی كوردستان هاتووە، گشت ئەندامەكانی پەرلەمانی كوردستان دوای كۆبوونەوەی فراكسیۆنەكانی پەرلەمانی كوردستان ـ عێراق و لەسەر داوای فراكسیۆنەكانی پەرلەمان سەرۆكی یەكەم دانیشتن بانگهێشتی گشت ئەندامانی پەرلەمان دەكات بۆ تەواوكردنی بڕگەكانی بەرنامەی كاری دانیشتنی (دەسپێك)ی، ساڵی یەكەم لە خولی هەڵبژاردنی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان ـ عێراق. لە بانگێشتنامەكە ئاشكرا كراوە، دانیشتنەكە لە سەعات 11ـی پێش نیوەڕۆی رۆژی دووشەم بەرواری 18/2/2019 دەكرێت.