مەسروور بارزانی لەگەل وەزیری بەرگری ئەڵمانیا كۆبویەوە
دوای ئەوەی شاندێكی حكوومەتی هەرێم بەسەرۆكایەتی مەسروور بارزانی بەشداری لە كۆنگرەی میونشن كرد, لە بەردەوامی دیدار و كۆبوونەوەكانی ئەمڕۆ، لە پەراوێزی كۆنگرەی ئاسایشی میونشن، مەسروور بارزانی لەگەڵ ئۆرسۆلا ڤۆندێرلاین، وەزیری بەرگری ئەڵمانیا كۆبووەوە.
وڵاتی ئەڵمانیا كە لە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژ بە داعش بەشدارە، لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا یەكێك بووە لەو وڵاتانەی هەمیشە باسیان لە رۆڵی پێشمەرگە لە شەڕی دژ بە داعش كردووە و، گرنگیان بە توانا و هونەرە جەنگییەكانی هێزەكانی پێشمەرگە داوە و پێگەی هەرێمی كوردستانیان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە گرنگ وەسف كردووە.
ئەمڕۆ لە دووەم رۆژی كۆنگرەی ئاسایشی میونشن، مەسرور بارزانی لەگەڵ چەندین بەرپرسی باڵای جیهان كۆبووەوە، لەوانەش: نوێنەری سەرۆكی ئەمەریكا لە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژ بە داعش، وەزری دەوڵەت بۆ كاروباری دەرەوەی ئەڵمانیا، نێردەی نەتەوە یەكگرووەكان بۆ كاروباری سووریا، وەزیری دەرەوەی ئێران، وەزیری بەرگری بەریتانیا, وەزیری بەرگری توركیا و یاریدەدەری جێگری وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا بۆ كاروباری ئێران و عێراق و خاتو ئیلیسا سلۆتكین، ئەندامی كۆنگرێسی ئەمەریكا.
بەگوێرەی كارنامەی ئەمڕۆی دیدار و كۆبوونەوەكانیش، بڕیارە كۆبوونەوەكانی مەسرور بارزانی بەردەوامییان هەبێت و هەر ئەمڕۆ لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ئەڵمانیا و وڵاتی ئیمارات و چەند نوێنەرێكی دیكە كۆببێتەوە.
دوێنی هەینیش 15ی شوبات/ فێبرایەری 2019، مەسرور بارزانی لەگەڵ هەریەك لە سێرگی لاڤرۆف، وەزیری دەرەوەی رووسیا، فالح فەیاز، راوێژكاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق و ژمارەیەك پەرلەمانتاری ئەڵمانیا لە فراكسیۆنە جیاوازەكان كۆبووەوە.