پسپۆڕانی سیاسی: لە كۆنفرانسی میونشن هەرێمی كوردستان وەك وڵات مامەڵەی لەگەڵدا كراوە
شارەزا و پسپۆڕانی سیاسی بە گرنگییەوە باس لە سەردان و بەشداریكردنی راوێژكاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان لە كۆنگرەی میونشن دەكەن و دەڵێن, سەردان و كۆبوونەوە یەك لەدوای یەكەكانی مەسروور بارزانی لەگەڵ نوێنەری وڵاتان، دەسكەوتی گەورەی بۆ هەرێمی كوردستان دەبێت.
دڵشاد نامیق ماستەر لە پێوەندییە نێودەوڵەتییەكان ڕایدەگەیێنێ , كۆنگرەی ئاسایشی میونشن بایەخێكی نێودەوڵەتی هەیە و وڵاتانی تیایدا تاوتوێی دۆخی ئاسایشی جیهان دەكەن، روونی كردەوە، هەرێمی كوردستان دوای جەنگی داعش وەك یەكێك لە هێزە سەركەوتووەكانی جەنگی داعش دێتە هەژمار و جیهان بە بایەخەوە لە ڕوانگەی هەرێم دەڕوانن، بۆیە هەمیشە ئامادەبووەییەكی كۆنگرەكەیە، بەڵام ئەوەی ئەمساڵ جیادەكاتەوە ئەوەیە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە دۆخێكی ڕاگوزەردا تێدەپڕێت لە دوای بڕیاری كشانەوەی ئەمەریكا لە سووریا و دەوروپێچكردنی زیاتری ئێران، هەرێمی كوردستانیش بەرەو دامەزراندنی حكوومەتی نوێ و بنیاتنانەوەی پێوەندییەكانی لەگەڵ عێراق دەچێت، بۆیە بەشداریكردنی مەسروور بارزانی كە كاندیدی پێكهێنانی حكوومەتی داهاتووی كوردستانە، گرنگی خۆی هەیە، چونكە بەشداربووانی كۆبوونەوەكە لە ڕوانگەی هەرێم بۆ ئاسایشی ناوچەكە و بلۆكبەندییە هەرێمی و نێودەوڵەتییەكان، ئاشنا دەكات و هەوڵی وەدەستهێنانی پشتیواتی زیاتر بۆ پێگەی هەرێمی كوردستان دەدات.
نامیق زیاتر روونی كردەوە، بەجۆرێك كە زلهێزەكان لەوە دڵنیا ببنەوە كە هەرێمی كوردستان و گەلەكەی هەرگیز نابنە مایەی ناسەقامگیری ناوچەكە و پێویستە جیهانیش پاڵپشتی لە مافە دەستووری و یاساییەكانی هەرێم بكات لە عێراقدا، بە جۆرێك ڕێگە نەدرێت جارێكی تر عێراق و سوپا و میلیشیاكانی بەچەك و جبەخانەی پێشكەوتوی جیهانەوە، مەترسی بۆ سەر قەوارەی دەستووری هەرێم دروست بكەن.
دووپاتی كردەوە، لەكاتێكدا ئەو چەك و هاوكارییانەی جیهان بۆ عێراق بۆ شەڕی داعش بووە نەك هەڕەشەكردن لە هەرێمی كوردستان و پێكهاتەكانی تری عێراق, كە بێگومان ئەمانە دەبنە پەیامێكی گرنگی كابینەی داهاتووی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بۆ بەشداربووانی كۆنگرەكە، لای خۆیەوە پسپۆڕی یاریدەدەر عومەر رەنگێنەیی, مامۆستای زانكۆی سلێمانی بە “وشە”ی راگەیاند, سەردانەكەی مەسروور بارزانی بۆ ئەڵمانیا و بەشداریكردنی لە كۆنفرانسی ئاسایشی جیهان بۆ خۆی دەسكەوتێكی باش و گرنگە بۆ هەرێمی كوردستان, چونكە بە ئامادەبوونی راوێژكاری ئاسایشی هەرێم ئەوە دەسەلمێنێت كە هەرێم لە ئاستی نێودەوڵەتی حسابی بۆ كراوە و وەك وڵاتێكی سەربەخۆ مامەڵەی لەگەڵدا كراوە، بەڵام بانگهێشتكردن و بەشداریكردنی راوێژكاری ئەنجوومەنی ئاسایش، پێوەندییە نێودەوڵەتییەكانی هەرێمی كوردستان لە ڕووی سیاسی و ئابووری و دیپلۆماسییەوە بەهێزتر دەكات و دەسكەوت دەبن بۆ داهاتووی هەرێم و متمانەی باش دەبەخشنە كوردستان لەسەر ئاستی سیاسی و داهاتووی ناوچەكە.
لەلایەكی ترەوە كۆبوونەوە بەردەوامەكانی راوێژكاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێم لەگەڵ نوێنەری وڵاتان، پێگەی كورد بەهێزتر و قایمتر دەكات و وەك دەوڵەتێكی سەربەخۆ مامەڵەی لەگەڵدا دەكرێت, چونكە هەرێمیش دەبێتە وڵاتێكی ئارام و لە ڕووی ئابوورییەوە گرنگ دەبێت, عومەر رەنگێنەیی وای گوت.