پارتی لهبارهی بڕیاری کۆتایی پێکهێنانی حکومەت كۆ دەبێتەوە
بڕیارە ئەمڕۆ مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان كۆ ببێتەوە لەبارەی ئەو ڕێككەوتنەی لەگەڵ بزووتنەوەی گۆڕان و یەكێتیی لە كۆبوونەوەكانی دوو ڕۆژی ڕابردوو كردوویانە.
بەگوێرەی زانیارییەكانی (خواکورك) پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ یەك شەممە، مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ بڕیاردان لەسەر ئەو ڕێككەوتنەی لەگەڵ بزووتنەوەی گۆڕان و یەكێتیی كردوویەتی كۆ دەبێتەوە.
كۆبوونەوەكە لە ئەنجوومەنی سەركردایەتی پارتی دیموكراتی كوردستان لە هاوینەهەواری پیرمام، بە بەشداریی تەواوی ئەوندامانی مەكتەبی سیاسی دەبێت و ئەگەری هەیە سەرۆك بارزانی سەرۆكایەتیی كۆبوونەوەكە بكات.
هاوكات شەوی ڕابردوو دوای كۆبوونەوەی شاندی پارتی دیموكراتی كوردستان و بزووتنەوەی گۆڕان، ڕۆژ نووری شاوێس بۆ میدیاكان گوتی، بۆ بڕیاردان لەسەر ئەو ڕێككەوتنەی ئەمڕۆ كردوومانە دەگەڕێینەوە بۆ مەكتەبی سیاسی، ئەو ئەندامەی مەكتەبی سیاسی پارتی گوتی، كۆبوونەوەكە ڕۆژی یەك شەممە دەكرێت و لە بڕیاردانی كۆتایی ئێوارەی ڕۆژی یەكشەم واژووی كۆتایی لەسەر دەكرێت.
دوێنێ لە گردی زەرگەتەی شاری سلێمانی شاندی پارتی دیموكراتی كوردستان و بزووتنەوەی گۆڕان بۆ ماوەی پێنج سەعات لە كۆبوونەوەدا بوون و دوای كۆبوونەوەكەش ڕێككەوتنی كۆتایی نێوانیان ڕاگەیاند بۆ چوار ساڵی داهاتووی حكوومەت، ماوەی هەفتەیەكە كۆبوونەوە سیاسییەكان بەچڕی دەستیان پێ كردووە و بڕیارە سبەی پەرلەمانی كوردستان كۆ ببێتەوە.