سه‌رۆكى كاتى په‌رله‌مان: هێشتا یه‌كێتى ناوى كاندیدى سه‌رۆكى په‌رله‌مانى نه‌ناردووه‌..

سه‌رۆكى كاتى په‌رله‌مانى كوردستان ڕاى ده‌گه‌یه‌نێت، هێشتا یه‌كێتى نیشتمانى كوردستان ناوى هیچ كاندیدێكى بۆ پۆستى سه‌رۆكایه‌تى په‌رله‌مانى كوردستان پێشكه‌ش نه‌كردووه‌ و تا ئێسته‌ ته‌نیا كاندیده‌كه‌ى پارتى بۆ جێگرى سه‌رۆكى په‌رله‌مان ئاماده‌یه‌.

رێڤینگ هروورى سه‌رۆكى كاتى په‌رله‌مانى كوردستان ڕایگه‌یاند، هه‌موو ئاماده‌كارییه‌كان بۆ كۆبوونه‌وه‌ى سبه‌ى ۱۸ـی شوبات ته‌واو كراوه‌، به‌ڵام هێشتا ناوى كاندیدى سه‌رۆكى په‌رله‌مان پێشكه‌ش نه‌كراوه‌، زیاتر ڕوونیشى كردەوەكه‌ تا ئێسته‌ پارتى ناوى هێمن هه‌ورامى وه‌ك جێگرى سه‌رۆكى په‌رله‌مانى كوردستان پێشكه‌ش كردووه‌، پۆستى سه‌رۆكى په‌رله‌مانى كوردستان كه‌ به‌ر یه‌كێتى ده‌كه‌وێ ناوى هیچ كه‌سێك پێشكه‌ش نه‌كراوه‌ و ڕه‌نگه‌ سبه‌ى له‌گه‌ڵ كرانه‌وه‌ى ده‌رگاى خۆ كاندیدكردن پێشكه‌شى بكه‌ن.

سه‌رۆكى كاتى په‌رله‌مانى كوردستان دووپاتى كرده‌وه‌ كه‌ هیچ بیانوویه‌ك نییه‌ بۆ دواخستنى كۆبوونه‌وه‌ى په‌رله‌مانى كوردستان و پێویسته‌ ئه‌نجام بدرێ.

بڕیار وایە سبه‌ى ۱۸ـی شوبات، كۆبوونه‌وه‌ى په‌رله‌مانى كوردستان به‌رێوه‌ بچێت و ده‌سته‌ى سه‌رۆكایه‌تى په‌رله‌مان دابنرێن كه‌ به‌پێى ڕێككه‌وتن پۆستى سه‌رۆكى په‌رله‌مان بۆ یه‌كێتى و جێگرى سه‌رۆك بۆ پارتى و جێگرى دووه‌مى سه‌رۆك په‌رله‌مان بۆ توركمانه‌كان ده‌بێت.

 

Back to top button