سەرکردەیەکی گۆڕان: هێشتا چاومان لە پۆستی جێگری سەرۆکی حکوومەتە

سەرکردەیەکی بزووتنەوەی گۆڕان نەیشارێتەوە کە هێشتا ئەوان چاویان لەسەر پۆستی جێگری سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستانە و ”بە لامانەوە گرنگە“.

شاخەوان ڕەووف بەگ، ئەندامی فراکسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی کوردستان ڕارگەیاند: ھەرچەندە پۆستە سیادییەکان یەکلایی نەکراوەتەوە، بەڵام ئێمە لەو سێ پۆستە سیادییە و دەستەی سەرۆکایەتییەکان، پۆستی جێگری سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بەلای ئێمەوە گرنگە، چونکە ئەو پۆستە بواری کارکردنی تێدایە، دەتوانین بەهۆیەوە خزمەتی خەڵکی بکەین.

ڕوونیشی کردەوە، پۆستی جێگری سەرۆکی حکوومەت و پۆستی جێگری سەرۆکی پەرلەمان و جێگری سەرۆکی ھەرێم، ”بە گرنگ دەزانین و داوای ئەو پۆستانەمان کردووە و جەختمان لێ کردوونەتەوە، بەڵام زیاتر بەلای ئێمەوە پۆستی جێگری سەرۆکی پەرلەمان و جێگری سەرۆکی حکوومەت گرنگە”.

ئەمە لە کاتێکدایە کە ئەمڕۆ یەکشەممە ١٧ی ٢ی ٢٠١٩، جڤاتی نیشتمانیی گۆڕان بە مەبەستی بڕیاردان لەبارەی بەشداریکردنیان و دەقی ڕێککەوتنەکەیان لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان، کۆدەبێتەوە.

Back to top button