بڵیسه‌ جه‌بار فه‌رمان : یه‌كێتی هه‌وڵ ده‌دات كۆبونه‌وه‌ی سبه‌ینێ په‌رله‌مانی كوردستان دوابخرێت

ئه‌ندامێكی سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتی باس له‌ هه‌ولێكی حزبه‌كه‌ی ده‌كات كه‌ ده‌یه‌وێت كۆبونه‌وه‌ی سبه‌ینێ ۱۸ـی شوباتی په‌رله‌مانی كوردستان دوابخرێت ولایه‌نه‌كان نه‌توانن به‌بێ یه‌كێتی كۆبونه‌وه‌كه‌ ئه‌نجام بده‌ن .

بڵێسە جەبار فەرمان، ئەندامی سەركردایەتیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان راگەیاند: “ئەمڕۆ گفتوگۆكان بەردەوام دەبن و ھەوڵ دەدەین كۆبوونەوەكەی پەرلەمان دوابخرێت، بۆ ئەوەی ئەو رەشنووسەی لەلایەن یەكێتییەوە پێشكەش بە پارتی كراوە رێككەوتنی لەسەر بكرێت، دواتر كۆبوونەوەی پەرلەمان بكرێت”.

ئەندامه‌كه‌ی سەركردایەتیی یەكێتیی گوتیشی: “كێشەی سەرەكیمان لەگەڵ پارتی لەسەر كەركووكە، ئێمە پێمان باشە ھەموو كێشەكان بە یەك پاكێج رێككەوتنیان لەسەر بكرێت، به‌ڵام بۆچوونی پارتی لەسەر ئەو بابەتە جیاوازە”.

خاڵی ناكۆكی نیوان پارتی و یەكێتی، دۆسێی پارێزگای كەركوكه‌ كە یەكێتی ده‌یه‌وێت هاوكاتی هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆكایەتی پەڕلەمانی كوردستان، پارێزگاری كەركوكیش هەڵببژێردرێت ، پارتی دیموكراتی كوردستانیش پشتیوانی كاندیدی یەكێتی بكات بۆ دانانی پارێزگای كه‌ركوك .

Back to top button