دیاری حوسێن : ناوچه كوردستانییهكان له خانهقین تا شنگال ،ئەمەریكا و ھەرێم و بەغدا بهڕیوهی دهبهن
رۆژی ٤ی شوبات، وەزارەتی پێشمەرگە و بەرگریی عێراق، لەسەر چەند خالێك گەیشتنە رێككەوتن و بڕیارە پێكەوە مەلەفی ئەمنیی ناوچە كوردستانییەكانی سنووری مادەی ١٤٠ بەڕێوە ببەن.
دیاری حوسێن، جێگری بەرپرسی ئەنجوومەنی سەركردایەتیی كەركووك – گەرمیانی پارتی ڕایگهیاند: “بەپێی رێككەوتنی نێوان ھەرێمی كوردستان و بەغدا، رەوشی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان ھەر لە خانەقینەوە تا شنگال ئاسایی دەكرێتەوە، واتە ھێزی پێشمەرگە دەگەڕێتەوە ئەو ناوچانە و ھەماھەنگی لە نێوان سوپا و پێشمەرگەدا دەبێت، بێگومان چەند بنكەیەكی ئەمەریكایش لەو سنوورانە جێگیر كراون”.
ههروهها جێگری بەرپرسی ئەنجوومەنی سەركردایەتیی كەركووك – گەرمیانی پارتی گوتیشی: “پاراستنی ئەو ناوچانە سێلایەنە دەبێت، وەك بەر لە ساڵی ٢٠١٤، چونكە دوای پڕۆسەی ئازادیی عێراق ھەماھەنگی ھەبوو لە نێوان پێشمەرگە و ئەمەریكا و عێراق، بۆیە دیسان ئەو ھەماھەنگییە دروست دەبێتەوە و نابێت لەو سنوورانەدا هیچ ھێزێك بە بێ ئاگاداری و ھەماھەنگی، جووڵە بكات”.
لهبارهی دانوستاندنهكانی ههرێم و بهغدا دیاری حوسێن گوتیشی : “دانوستانەكان بۆ ئەو مەبەستە بەردەوامییان ھەیە تا دەگەینە رێككەوتنی كۆتایی، لەگەڵ دەستپێكردنی چەند ھەنگاوێكی كردەیی، كە ھێشتا نەگەیشتووینەتە رێككەوتنی كۆتایی.
بەپێی دەستووری عێراق، ئیدارەدانی ناوچە كوردستانییەكان و مەلەفی ئەمنی لەلایەن ھەردوو حكوومەتی هەرێم و عێراقەوە بەڕێوە دەبرێت، تا ئەو كاتەی مادەی ١٤٠ جێبەجێ دەكرێت.