پڕۆژەی لەتکردنی کوردستان
بەختیار شاخی
پڕۆژەکەی بزووتنەوەی گۆڕان بۆ مامـەڵەکردنی حکوومەتی عێراق لەگەڵ پارێزگاکانی هەرێم و گردبوونەوەی مامۆستایانی سلێمانی لەبەردەم نووسینگەی پارلەمانی عێراق و قسەكانی جێگری سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، بەڵگەی حاشاهەڵنەگرن كە گۆڕان هیچ باوەڕێکی بە هەرێمی کوردستان و قەوارەیەکی سەربەخۆی کوردستانی نییە و ئامانجی یەکەم و کۆتاییشیان هەر پێناسە و ناوێکی هەبێت، دەچێتە خزمەتی داگیرکەران.
بەداخەوە ئێستا ئیدی ئەوەش ڕوونە کە گۆڕان و بەشێک لە یەکێتی، دەیانەوێ مامۆستایانی ئەو دەڤەرە بکەنە كەرەستەی مەرامی خۆیان بۆ هەندێ دەستکەوت کە کوردستان و گەلەکەی بکەنە قوربانیی ڕێککەوتنێک لەگەڵ مالکی و خۆیان وەک حزب سوودێکی کاتی لێ وەربگرن.
کاتێک لە شەستەکانی سەدەی ڕابردوو، هەندێ سیاسی و قەڵەمبەدەست، بزووتنەوەی کوردایەتییان لەت کرد، وا ئێستاش پاشماوەکانیان، لەسەر هەمان ڕێگە دەڕۆن و دوای ئەوەی لە هەنگاوی یەکەمدا پێشنیاری بڕینی بودجەی کوردستانیان پێشکەشی مالکی کرد تا ڕەوشی ئابووریی کوردستان تێک بچێت و خەڵک دژی حکوومەتی هەرێم هان بدرێت و خۆیان سواری شەپۆلی ئەو ناڕەزایەتییە بن، وا لە قۆناخی دووەمدا ئێستا دەیانەوێ بە ڕێککەوتنێکی دیکەی چەپەڵ، بە جیاکردنەوەی سلێمانی و هەڵەبجە، کار بۆ هەڵوەشاندنەوەی هەرێمی کوردستان بکەن و ئەو خەونەی لە “فیدرالیی پارێزگاکان” بۆیان نەهاتە دی، بە مۆدێلێکی دیکە زیندووی بکەنەوە.
مانگی نیسانی ڕابردوو، لە نووسینێکدا بەناونیشانی ” بەرەی سلێمانی، یان کوردستانی؟” ئاماژەم بەو پیلانە کردبوو کە ئەوکاتە بە نامەیەکی نەوشیروان مستەفا “لە لەندەنەوە بۆ گردەکە” دەستی پێکرد و ئێستا پاشماوەکانی مەدرەسەی لەتکردنی کوردستان کاری بۆ دەکەن.
ئایا خەڵکی سلێمانی و هەڵەبجە و بەشێک لە گەرمیان، دەیانەوێ تا هەتایە ژێردەستەی ئەو عەقڵیەتە بن کە 25 ساڵە تاکە فەرمانڕەوای ئەو دەڤەرەیە؟ ئایا ڕێگە دەدەن ببنە کەرەستەی ئەو مەرامە گڵاوەی کار بۆ پاشکۆبوون و جاشایەتییەکی نوێ دەکات؟
خەڵک ناڕازییە و مافی خۆشیەتی پڕ بەگەرووی هاوار بکات. بەڵام دژی کێ؟ ئایا حکوومەتی هەرێم بودجەی سلێمانی بڕی یا هەندێ لە بەرپرسانی جووتحزبەکەی سلێمانی بوونە هۆی بڕینی بودجەی کوردستان؟ ئایا حکوومەتی هەرێم پارەی ئاوەدانکردنەوەی سلێمانی خوارد یا پارێزگارەکەی گۆڕان کە تا ئێستاش لەدەست یاسا هەڵاتووە؟ ئایا حکوومەتی هەرێم پڕۆژەکانی سلێمانی جێبەجێ کردووە یا کۆمپانیاکانی جووتحزبی فەرمانڕەوای سلێمانی؟ ئایا نەوتی گەرمیان بە تانکەرەکانی حکوومەتی هەرێم دەڕواتە ئێران یا هی بەرپرسە حزبەییەکانی دەڤەری سلێمانی؟ بۆیە ئەگەر نەهامەتی و بەدگوزەرانییش هەبێت لە ئەستۆی ئەو عەقڵیەتەیە کە هەرچی داهات هەبوو بۆ حزب و کۆمپانیاکانی بووە و سەدانهەزار دۆنم زەوی لەو ناوچەیە کردۆتە خەڵات بۆ بەرپرسانی ئەو جووتحزبە و خەڵک ناحەقیان نییە ڕاپەڕن، بەڵام نەک دژی سەربەخۆیی، بەڵکوو دژی کلکایەتی و وڵاتفرۆشی.