بزووتنەوەی گۆڕان لە ئەگەری هەر هێڕشێكی یەكێتی بۆ سەر گردەكە بە توندترین شێوە وەڵاممان دەبێت

 

دوای ئەوەی پارتی دیموكراتی كوردستان و بزووتنەوەی گۆڕان لەبارەی پێكهێنانی حكوومەت رێككەوتن, لە ئێستادا لایەنگران و ئەندامانی یەكێتی لە تۆڕە كۆمەڵایەتیەكان هەرەشە لە بزووتنەوەی گۆڕان دەكەن بە تایبەت ئەگەر بزووتنەوەكە بەشداری كۆبوونەوەكەی 18ـی شوبات بكات, سەركردەیەكی بزووتنەوەی گۆڕان هۆشداریی توند بە یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان دەدات و ڕای دەگەیەنێت كە ئەگەر پەلاماری گردەكە بدرێت، ”بەرگری لە خۆمان دەكەین“.
ھێمن شێخانی، ئەندامی جڤاتی نیشتمانی و بەرپرسی مەكۆی هەولێری گۆڕان رایگەیاندووە كۆبوونەوەكەی ڕۆژی شەممە ١٦ی ٢ی ٢٠١٩ی شاندی پارتی دیموكراتی كوردستان و بزووتنەوەی گۆڕان، پێویستی بە دوابڕیاری سەركردایەتیی ھەردوولا ھەیە و ”جڤاتی نیشتمانی ئەمڕۆ كۆدەبینەوە و بڕیاری یەكلاكەرەوە لەسەر ئەو ڕێككەوتنە دەدەین”. جەختیشی كردەوە كە بزووتنەوەكەی خاوەنی سیاسەتی خۆیەتی و خۆمان خاوەنی بڕیارین، بۆ ھەموو پرسێكی چارەنووسساز دەگەڕێینەوە بۆ ڕاوێژ بە لایەنگرانی خۆمان، بۆیە جگە لە جڤاتی نیشتمانی، ھێز نییە بتوانێ ئاڕاستەی سیاسەتی گۆڕان دیاری بكات”.

ئەو سەركردەیەی گۆڕان ئاماژەی بەوە كرد كە ئەوان بزووتنەوەیەكی مەدەنین و باوەڕیان بە خەباتی چەكداری نییە، بەڵكوو ”خەباتی چەكداری بۆ پاراستنی خاك و نیشتمان كراوە“، بۆیە ھیوای خواست، حاڵەتێكی ھەوشێوەی ١٢ی ئایاری ٢٠١٨ دووبارە نەبێتەوە. گوتیشی: ”پێشتر ڕووداوی ھێرشكردنە سەر بزووتنەوەی گۆڕان لەلایەن یەكێتییەوە ڕووی داوە، بۆیە ھەموو ئەگەرێك كراوەیە، بەڵام ئێمە ھیوادارین ئەوانەی پێشتر دەستیان لەو ڕووداوە ھەبووە، خۆیان دەرسیان وەرگرتبێ و جارێكی دیكە بیر لە ئەنجامدانی ڕووداوێكی لەوشێوەیە نەكەنەوە، چونكە مەرج نییە جارێك لێیان قبوڵ بكرێت، جارێكی دیكەش لێیان قەبووڵ بكرێتەوە”.

ھێمن شێخانی، نەیشاردەوە كە ئەگەر ئەمجارە یەكێتی كارێكی لەوشێوەیە بكات، ”ھەرگیز بێدەنگ نابین و ھێزیش نییە پەلاماری گۆڕان بدات، بەڵام ئەگەر ھەر لایەنێكی سیاسی بیەوێت پەلامارمان بدات، ناچارین بۆ بەرگری كردن لە خۆمان، وەڵامیان بدەینەوە”.

Back to top button