دكتۆر بەشیر حەداد و وەزیری نەوتی عێراق كۆبوونەوە
دوای ئەوەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و حكومەتی عێراق رێككەوتن لە بارەی چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان هەولێر و بەغدا, بۆ تاوتوێكردنی ئاستی چارەسەری كێشەكان د.بەشیر حەداد جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق و سامر غەزبان وەزیری نەوتی عێراق كۆبوونەوە و لە دیدارێكدا باس لە كێشەكانی نێوان هەولێر و بەغدا كرا و د.بەشیر دووپاتی لەسەر پێویستی چارەسەری كێشەكان لە ڕێگەی دەستوور كردەوە.
نووسینگەی جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق بڵاوی كردەوە كە لەم دیدارە دووقۆڵیەدا كە لە بارەگای وەزارەتی نەوتی عێراقدا ئەنجام درا، د.بەشیر ئاماژەی بە پێویستی چارەسەركردنی تەواوی ناكۆكییەكان لەگەڵ حكوومەتی هەرێمی كوردستان كردەوە، بەشێوەیەك مافەكانی هەردوولا بەگوێرەی دەستوور بپارێزرێت.
هەردوولا باسیان لە چۆنیەتی هاوئاهەنگی دروستكردن لە نێوان دەسەڵاتەكانی جێبەجێكردن و یاساداناندا كرد، بەجۆرێك پەرە بە رۆڵی چاودێریكارانەی پەرلەمان بدرێت.
د.بەشیر هەروەها ئاماژەی بە پێویستی پێشكەشكردنی خزمەتگوزاری باشتر بە هاووڵاتیان كرد لەلایەن حكوومەتەوە، بۆ ئەوەی دۆخی ئێستەی ژیانی كۆمەڵایەتیی وڵاتەكە بخرێتەوە سەر پێ، بە تایبەتیش ئاماژەی بە پێویستی یارمەتیدانی گەڕانەوەی ئاوارەكان كرد، لەگەڵ دابینكردنی پێداویستیەكانیان لە زووترین كاتدا.