فالح فەیاز: داعش بە ناوێكی دیكەو لە بەرگێكی دیكە دەگەڕێتەوە عێراق

 

لەگەڵ ئەوەی ئێستا داعش لە ناوچە كوردستانیە داگیركراوەكان, دەستی بە جموجۆڵ كردۆتەوە سالێك بەر لە ئێستا عێراق بە فەرمی كۆتاهاتنی داعشی لە عێراق راگەیاند, ئەمڕۆ یەكشەممە فالح فەیاز راوێژكاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق رایگەیاند ڕێكخراوی تیرۆریستی داعش لە بەرگی ڕێكخراوێكی نوێ دەگەڕێتەوە و لەم ڕووەوە دەستی بە جووڵە كردووەتەوە.

فەیاز كە بۆ بەشداریكردن لە كۆنگرەی ئاسایشی میونخ لە ئەڵمانیایە، لە لێدوانێكیدا بۆ گۆڤاری “شپیگڵ”ی ئەڵمانی دانی بەوە داناوە بەم دواییە داعش دەستی بە جووڵە و چالاكی كردووەتەوە و چەند ئاماژەیەك هەن كە وای پێشان دەدەن داعش لە بەرگی ڕێكخراوێكی نهێنیی نوێ خۆی ڕێك دەخاتەوە.

فەیاز دووپاتی كردووەتەوە كە بەڵگە و ئاماژەی تەواویان لەبەر دەستە كە لایەنگرانی داعش ڕێكخراوێكی نوێ دروست دەكەنەوە و بە نیازن لەسەر شێوازی ڕێكخراوی تیرۆریستی ئەلقاعیدە درێژە بە چالاكییەكانیان بدەنەوە.

راوێژكاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق ئاماژەی بە شێوازێكی كاركردنی داعش داوە كە لەو كاتەی لە شوێنێكی دیاریكراودا راویان دەنێن، ئەوا دەتوانن لە بەرگی ئاوارە مەدەنیەكاندا خۆیان بخزێننە شارەكانی ترەوە و لەنێو خێوەتگەكاندا خۆیان حەشار بدەن و لە كاتێكی تردا خۆیان ڕێك بخەنەوە و بەرەو ناوچەی چالاكییەكانی خۆیان بچنەوە.

Back to top button