بێرنار هێنری: كتێبێك لە بارەی 16ـی ئۆكتۆبەر دەنوسێت:” 16ـی ئۆكتۆبەر وەكو كەوتنی بەرلین بە دەست نازییەكان و وارشۆ بە دەست نازی و پاشان سۆڤیەت وەسفدەكات”.

دوای ئەوەی فەیلەسوف و سینەماكاری فەرەنسی بێرناد هێنری كتێبێكی لە بارەی 16ـی ئۆكتۆبەر نوسی, رایگەیاند كتێبەكەم پێشكەش بە گەلی كورد دەكەم, سەدان كەسایەتیی شاری نیویۆرك لەگەڵ ناوهێنانی كورد چەپڵە لێدەدەن. زۆربەی ئامادەبووانی ئەو بۆنەیە، ئەوانەی رووداو قسەی لەگەڵدا كردوون پێش بێرنارد هێنری لێڤی و خوێندنەوەی دوا كتێبەكەی نەیاندەزانی كورد كێیە و چی بەسەرهاتووە.

كەیتی هیڵمان، هاووڵاتیێكی ئەمریكی دەڵێ “من تووشی سەرسووڕمان بووم، چۆن جیهان پشتی لە كورد كردووە، پێش خوێندنەوەی ئەم كتێبەی بێرنارد من ئەمەم نەدەزانی”.

ئەو پشتلێكردنەی جیهان لە كورد، كە ئەو هاووڵاتییە ئەمریكییە باسی دەكات 16ـی ئۆكتۆبەرە، بێرنارد هێنری لێڤی لە دوا كتێبیدا وەكو یەكێك لە كاریگەریترین رووداوەكانی جیهان باسی دەكات.

جیهانی ئازاد و دیموكراسیەت لە ژێر هەڕەشەدایە لەلایەن چین، رووسیا، ئێران، توركیا و هێزە رادیكاڵییە ئیسلامییە سوننەكان و لەبەرامبەردا ئەمریكا و ئەوروپا سەریان نواندووە و هیچ ناكەن. ئەمە بیرۆكەی سەرەكی ئەم كتێبەی بێرنارد هێنری لێڤیە. بۆ وەستانی ئەو هەڕەشەیە بێرنارد دەڵێت “ئازادی بۆ كورد ئامرازێكی سەرەكییە”.

بێرنارد لە كتێبەكەیدا هەوڵدەدات ئامانجی كورد بۆ سەربەخۆبوون بە بەرژەوەندی و بەهاكانی رۆژئاوا ببەستێتەوە، سایمن شاما گەورە مێژوونووسی بەریتانی وەكو ژمارەیەك لە بیرمەندانی دیكەی رۆژئاوایی لەئێستاوە هاوڕایی خۆیان راگەیاند لەگەڵ ئەو بۆچوونەی بێرنارد.

سایمن شاما، مێژوونووسی بەریتانی دەڵێ “ئەگەر ئێستا سێ گەورەترین قەیرانی جیهانی هەڵبژێرین: یەكەمیان مردنی لەسەرخۆی ژینگەی هەسارەكەمانە. دووەمیان جیاوازی ئابووری و پەروەردەیە لە نێوان وڵاتانی پێگەشتوو و تازە پێگەیشتوو و، سێیەمیان جیاوازی لە نێوان ئەو كۆمەڵگەیانەی فرەڕەنگی قبوڵ ناكەن و پێی پۆستاڵەكانیان خستووەتە سەر ملی خەڵكی لێبوردەی وەكو كورد”.

بێرنارد لە كتێبەكەیدا 16ـی ئۆكتۆبەر وەكو كەوتنی بەرلین بە دەست نازییەكان و وارشۆ بە دەست نازی و پاشان سۆڤیەت وەسفدەكات، بیرمەند و فەیلەسووفە فەرەنسییەكە دەڵێ “ئەوەی لە كەركووك روویدا بۆ كورد كارەساتێكی مرۆیی بوو و بۆ ئێمەی رۆژئاوایی كارەساتێكی ئەخلاقی بوو. 16ـی ئۆكتۆبەر دەكرێت دووبارە ببێتەوە، كاتێك دۆناڵد ترەمپ لە وەڵامی پرسیارەكەتدا رایگەیاند ئەو كوردی خۆشدەوێت، بەڵام خۆشەویستی بێ كردار لە سیاسەتدا هیچ مانایەكی نییە”.

جگە لەو كتێبەی كە خاڵی سەرەكی تێیدا پشتگیریكردنی كوردە، ئەم بیرمەنەدە فەرەنسییە بەناوبانگە شانۆگەریەكی ئامادەكردووە، كە لە زیاتر لە 25 شاری ئەوروپا نمایشدەكرێت.

Back to top button