بەپەلە .. حكوومەتی عێراق بڕی ٥۲۰ ملیار دیناری مووچەی فەرمانبەرانى بۆ كوردستان نارد
دوای پەسند كردنی بودجەی ۲۰۱۹، حكوومەتی عێراق مووچەی فەرمانبەران و پێشمەرگە و خانەنشیانی كوردستانی رەوانە كرد، جێگری سەرۆكی پەرلەمان و پەرلەمانتارێكی لیژنەی دارایی دووپات لە ناردنی دەكەنەوە و دەڵێن، جیاوازی مانگەكانی تریش دەبێت بنێرێت.
دكتۆر بەشیر حەداد جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند، ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان لەلایەن حكوومەتی عێراق بەگوێرەی بودجەی پەسند كراو كە 454 ملیار دینارە و هی پێشمەرگەش 68 ملیار و خانەنشینانیش كە 122 ملیار دینارە دا و ڕوونی كردەوە كە ئەگەر تا ئەمڕۆ یەكشەم 17ی شوبات، ئەو بڕە پارەیە نەگەیشتبێتە كوردستان ئەوا لە چەند رۆژی داهاتوو، دەبێت بگات.
روونی كردەوە بەگوێرەی بودجەی پەسند كراو، دەبێت جیاوازی مانگی كانوونی دووەمیش رەوانە بكرێت كە وەك حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەڵێ، تەنیا ۳۱۷ ملیار دینار لە بەغداوە هاتووە.
حەداد زیاتر ڕوونیکردۆتەوە مەسەلەی مووچەی فەرمانبەران هیچ پێوەندی نییە بەوەی بودجە كەی پەسند دەكرێت، ئەوە پرسێكی یەكلا كراوەیە و مانگانە لە كاتی خۆیدا دابەش دەكرێت”.
لە بارەی ئەوەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەڵێ، بە پێی رێككەوتنی سیاسییان لەگەڵ بەغدا لە ۲۰۱۸، هێشتا سێ مووچەی فەرمانبەرانی كوردستان كە بۆ هەر مانگێك ۳۱۷ ملیار دینارە، لە بەغداوە نەهاتووە، گوتی “رێككەوتنی سیاسی پرسێكی ترە، بەڵام ساڵی دارایی لە مانگی ۱۲ كۆتایی دێت، لە مانگی یەكی ساڵی نوێ، مووچە لەسەر بودجەی ساڵی نوێ هەژمار دەكرێت و بەگوێرەی بودجەش ئەو بڕە پارەیەی بۆ مووچەی فەرمانبەران و پێشمەرگە و خانەنشینان دەستنیشان كراوە دەبێت بۆ كوردستان رەوانە بكرێت.
ناردنی ٥۲۰ ملیارەكە لەلایەن حكوومەتی عێراق بۆ مووچەی فەرمانبەرانی كوردستان لە ساڵی ۲۰۱۹ لە كاتێكدایە ئێستە حكوومەتی هەرێمی كوردستان مووچەی مانگی تشرینی دووەمی ساڵی ۲۰۱۸ دابەش دەكات، مووچەی مانگی كانوونی دووەمی ۲۰۱۹ـی بە فەرمانبەران نەداوە.
بە هاتنی ئەو بڕە پارەیە لە بەغدا، روون نییە حكوومەتی هەرێمی كوردستان پاشەكەوت لەسەر مووچە هەڵدەگرێت یان نا، بەڵام چاوەڕوان دەكرێت لە كابینەی نوێی حكوومەتدا پاشەكەوت لەسەر مووچەی فەرمانبەران هەڵبگیرێت.