شیركۆ جه‌وده‌ت : یه‌كێتی به‌ هۆی به‌رژه‌وه‌ندی حیزبییه‌وه‌ داوای دواخستنی کۆبوونەوەکەی پەرلەمان دەکات

شێرکۆ جەودەت، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکگرتوو لە پەرلەمانی کوردستان له‌ پرێسکۆنفرانسێکدا ڕایگەیاند: ”ئەمڕۆ بڕیار بوو کۆبوونەوەی پەرلەمان بکرێت پاش کۆبوونەوەی سەرۆکی فراکسیۆنەکان، بەڵام بەناوی موجامەلە و ڕاگرتنی کات بۆ لایەنی دیکە، ئیرادەیەک هەیە کە دەیەوێ ئەمڕۆ کۆبوونەوەی پەرلەمان دوابخات“.

سەرۆکی فراکسیۆنی یەکگرتوو لە پەرلەمانی کوردستان گوتیشی : ”ئێمە بەهیچ شێوەیەک لەگەڵ دواخستنی کۆبوونەوەکەدا نین، ئەگەر پێکهاتن دوای ١١٢ ڕۆژ نەکرێت، بە چەند سەعاتێک ناکرێت، هەیبەتی پەرلەمان لەلای ئێمە هێڵی سوورە و نابێ بەرژەوەندییەکان ڕێگر بن لەبەردەم کۆبوونەوەکانی پەرلەمان، بە هەڵەیەکی گەورەی دەزانین کۆبوونەوەی پەرلەمان دوابخرێت، بۆیە کۆبوونەوەی سەرۆکی فراکسیۆنەکانمان جێهێشت“.

لە کۆتایی كۆنگره‌ ڕۆژنامه‌وانیه‌كه‌یدا ، شێرکۆ جەودەت، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکگرتوو لە پەرلەمانی کوردستان ده‌شڵێت:” یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان داوای دواخستنی کۆبوونەوەکەی پەرلەمان دەکات و نەیشاردەوە کە داواکارییەکەش بەهۆی بەرژەوەندیی نیشتمانییەوە نیە، بەڵکوو ”بەهۆی بەرژەوەندیی تەسکی حزبییە“.

Back to top button