په‌یامی پیرۆزبایی نێچیرڤان بارزانی به‌بۆنه‌ی ٦٦ هه‌مین ساڵیادی دامەزراندنی یەکێتيی قوتابیانی کوردستان

هەڤاڵان: سکرتێر و ئەندامانی سکرتاریەت و هەڤاڵانی لیژنەکانی ڕاپەڕاندنی یەکێتيی قوتابیانی کوردستانی تێکۆشەر

سڵاوی خەبات و تێکۆشان،

بە بۆنەی (٦٦)هەمین ساڵیادی دامەزراندنی یەکێتيی قوتابیانی کوردستانه‌وه‌ گەرمترین پیرۆزبایی لە خۆتان و تێکڕای ئەندامانی ڕێکخراوە تێکۆشەرەکەتان و سەرجەم قوتابیانی ئازیزی کوردستان دەکەم و هیوادارم ئەم یادە هاندەرێکی بەهێز بێت بۆ زیاتر خەباتی ڕێکخراوەییتان لەپێناو خواستەکانی قوتابیانی کوردستاندا.

یەکێتيی قوتابیانی کوردستان خاوەنی مێژوویەکی پڕ لە سەروەرییە و سەرمەشقی خەباتی ڕێکخراوەیی و مەدەنیانەی کۆمەڵگای کوردستانە و قوتابخانەی پێگەیاندنی چەندین سەرکردە و تێکۆشەری دیاری گەلەکەمانە کە ڕۆڵی گرنگیان لە بزاڤی ڕزگاریخوازیماندا بینیوە.

ڕۆڵی ڕێکخراوەییتان لە خزمەتکردنی خواستەکانی توێژی قوتابیان و بەئامانجگەیاندنی داواکانیان بە شێوازی مەدەنی و شارستانی، بەرز دەنرخێنین. بەشداریکردنی کاراتان لە داڕشتن و گەشەپێدانی سیستمی خوێندن و پەروەردە و پێشکەوتنی کایەی زانستیدا بەرپرسیاریەتێکی گرنگ و کاریگەری ڕێکخراوە تێکۆشەرەکەتانە، قۆناغی هەستیاری ئێستاشمان ئەرکی زیاترتان لێدەخوازێ، بە تایبەت لە ڕووی بڵاوکردنەوەی هۆشیاری و ئینتیمای نەتەوەیی و نیشتیمانی و هەستی بەرپرسیارێتی زیاتری توێژی قوتابیان لە گرتنەئەستۆی بەرپرسیارێتی دەرهەق بە ئەرکەکانیان وەک توێژێکی چالاک و کاریگەری نێو کۆمەڵگا، لە پێناو ئایندەیەکی پرشنگدار و شکۆداردا بۆ گەل و نیشتیمان.

هیوای سەرکەوتن و پێشکەوتنی بەردەوامتان بۆ دەخوازم بۆ گەیشتن بە ئامانجە پیرۆزەکانتان.

بەرز و شکۆدار بێت یادی دامەزراندنی یەکێتيی قوتابیانی کوردستان.

دروود بۆ گیانی پاکی شەهیدە نەمرەکانی یەکێتيی قوتابیانی کوردستان و سەرجەم شەهیدانی ڕێگای ڕزگاریی کوردستان.

نێچيرڤان بارزانى
جێگرى سه‌رۆكى پارتى ديموكراتى كوردستان
١٨ـی شوباتی٢٠١٩

Back to top button