د. كهمال كهركوكی : پارێزگای كهركوك دهبێت بێلایهن و خزمهتی خهڵك بكات نهك حیزب
د.کەمال کەرکووکی، بەرپرسی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی کەرکووک گەرمیانی پارتی ، لەبارەی هۆکاری دواخستنی کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک رایگەیاند “کۆبوونەوەکە لەسەر داوای برایانی یەکێتی بوو، بەڵام ناکۆکی هەبووە لەلایەن پێکهاتەکان و بەشێکی ئەندامانی ئەنجوومەنەکە، دیارە رێژەی یاساییش تەواو نەبوو، بۆیە کاک رێبوار تاڵەبانی، سەرۆکی ئەنجوومەن بەوەکالەت، داوای دواخستنی کۆبوونەوەکەی کرد بۆ ئەوەی تەوافوقێک دروست ببێت و لە کاتێکی دیکەدا گشتیان کۆببنەوە”.
لەبارەی پۆستی پارێزگاری کەرکووک، بەرپرسی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی کەرکووک گەرمیانی پارتی گوتی :”ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک لە ٤۱ ئەندام پێکدێت، کە ۲٦ـیان لە لیستی برایەتین کە لایەنە کوردستیانییەکانن، هەروەها پارتی دیموکراتی کوردستان زۆرینەی دەنگی لیستی برایەتییە و ئەو بەڕێزانە لەنێو ئەو ئەنجوومەنە بڕیاردەدەن کێ ببێتە پارێزگاری کەرکووک، ئێمە وەکو پارتی دیموکراتی کوردستان بۆچوونمان ئەوەیە پارێزگاری کەرکووک کەسێکی بێلایەن بێت و لایەنەکان لەسەری رێکبکەون، لەنێویشیان یەکێتی بۆ ئەوەی خزمەتی خەڵکی کەرکووک بکات نەوەک حیزبێکی دیاریکراو”.
کەمال کەرکووکی گوتیشی:”سەبارەت بە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک، ئێمە وەکو پارتی تاوەکو ئەم خولەکە کەرکووک بە داگیرکراو دەزانین، دەمانەوێت دۆخی کەرکووک ئاسایی ببێتەوە و پارتی بگەڕێتەوە کەرکووک و بارەگاکانی وەربگرێتەوە، پاشان ئەنجوومەنەکە لە کەرکووک دەستبەکار بێت و ئەوکاتیش پارێزگارێک هەڵبژێردرێت”.
سەبارەت بە هەڵوێستی پارتی لەسەر شوێنی بەڕێوەچوونی کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک، د.کەمال کەرکووکی، بەرپرسی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی کەرکووک گەرمیانی پارتی دهڵێت “تاوەکو دۆخی کەرکووک ئاسایی نەکرێتەوە ئامادەنین، کاتێک دۆخەکە ئاسایی بکرێتەوە، ئەوکات ئامادەین ئەندامەکانمان لە فراکسیۆنی برایەتی لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک بچنەوە دەستبەکار ببن”.