بارزانی: هەرێمی كوردستان و پێشمەرگە یارمەتیی ئێزییدییەكان دەدات كە پارێزگاری لە خۆیان بكەن

خواكوڕك

ئه‌مرۆ یه‌كشه‌مه‌ 13/11/2016 مه‌سعود بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان له‌ سه‌ڵاحه‌دین پێشوازی له‌ دۆگڵاس سڵێمه‌ن باڵوێزی ئه‌مریكا له‌عێراق و شاندێكی یاوه‌ری كرد.

به‌پێی هه‌واڵێكی مالپه‌ڕی فه‌رمی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم، لە دیدارەكەدا باڵیۆزی ئەمەریكا لە عێراق پیرۆزبایی سەركەوتنەكانی هێزی پێشمەگەی لە ئۆپەراسیۆنی ئازادكردنی موسڵ لە سەرۆك بارزانی كرد و سەرەخۆشیشی لە كەسوكاری ئەو پێشمەرگانە كرد كە لە شەڕی دژی تیرۆردا گیانی خۆیان فیدا كردووە و شەهید بوون.

به‌پێی هه‌واڵه‌كه‌ سڵیمه‌ن، پێزانینی وڵاتەكەیشی بە سەرۆك بارزانی ڕاگەیاندووه‌ لەمەڕ هەماهەنگی و كاری هاوبەشی نێوان پێشمەرگە و سوپای عێراق و هیوای خواستووه‌ ئەوە ببێتە زەمینەیەك بۆ دروستكردنی پەیوەندییەكی ستراتیژی نێوان هەردوولا لە بواری ئاساییشی ناوچەكە دا.

لەبەرانبەردا سەرۆك بارزانی خۆشحاڵیی خۆی نیشان دا لەوەی كە هەماهەنگیی نێوان پێشمەرگە و سوپای عێراق سەركەوتن و دەستكەوتی باشی بەدوادا هاتووە.

لە درێژەی قسەكانیدا سەرۆك بارزانی وێڕای ئاماژەدان بە ساڵیادی ئازادكردنی شنگال لە لایەن هێزی پێشمەرگەی كوردستان ڕۆشنایی خستەسەر مێژووی ئێزیدییەكان و ئەو نەهامەتییانەی كە بە درێژایی مێژوو بەرۆكی خوشك و برا ئێزیدییەكانی گرتووە و ڕایگەیاند هەر لە شۆڕشی ئەیلوولەوە كار بۆ ئەوە كرا كە ئێزیدییەكان بەشداری خەباتی سیاسیی گەلەكەیان بن و ڕێگە لە چەوساندنەوەیان بگیرێت، ئێستایش هەوڵی ئێمە ئەوەیە كە ئێزییدییەكان بتوانن خۆیان خاوەنی چارەنووسی خۆیان بن و هەرێمی كوردستان و پێشمەرگە یارمەتیی ئێزییدییەكان دەدات كە پارێزگاری لە خۆیان بكەن.

هەر لەو كۆبوونەوەیەدا باس لە قۆناغی دوای ئازادكردنی موسڵ و گۆڕانكارییە سیاسی و ئەمنییەكانی ناوچەكە و پەیوەندییەكانی نێوان هەولێر و حكوومەتی عێراق كرا.

Back to top button