پەرلەمانتارێكی پارتی: زانیاری لەبارەی ڕێككەوتنی نێوان پارتی و یەكێتی ئاشكرا دەکات
پەرلەمانتارێكی پارتی دیموكراتی كوردستان لە پەرلەمانی كوردستان رای دەگەیەنێت، لە رێككەوتنی ٥ـی شوباتی نێوان پارتی و یەكێتی بە هیچ جۆرێك ئاماژە بە هەڵبژاردنی پارێزگاری كەركووك نەكراوە، بەڵكو یەكێتی دوای چەند رۆژێك داوای كرد پرسی هەڵبژاردنی پارێزگاری كەركووكیش بخرێتە ناو رێككەوتنەكەوە.
شوان كەریم زراری ئەندامی پەرلەمانی كوردستان رایگەیاند، لە رێككەوتنی نێوان پارتی و یەكێتی لە پێنجی شوبات بە هیچ جۆرێك باسی هەڵبژاردنی پارێزگاری كەركووك نەكراوە.
زراری زیاتر گوتی، وا بریابوو لە پێنجی شوباتەوە تا ۱۸ـی شوبات ئەو لیژنانەی پێكهاتبوون لە نێوان پارتی و یەكێتی رەشنووسی ئەو رێككەوتنە بنووسنەوە و ڕۆژی ۱۸ شوبات رێككەوتنەكە واژوو بكرێت و كۆبوونەوەی پەرلەمان بكرێت بۆ هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان و كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك بكرێت بۆ تاوتوێ كردنی پرسی پارێزگای كەركووك.
زراری زیاتر روونی كردەوە كە یەكێتی دوای دوو رۆژ لە واژووكردنی رێككەوتنەكە داوایان كرد گۆڕانكاری لە رێككەوتنەكەدا بكرێت و پارێزگاری كەركووكیش دیاری بكرێت، بەڵام ئێمە رەتمان كردەوە زیادی بكەین، ئەوانیش ئەوەیان كردە پێش مەرجی واژووكردنی رێككەوتنە، ئەوە لەكاتێكدایە كە ئەمڕۆ یەكێتی بە بیانووی جۆراو جۆر و بەرزكردنەوەی داواكارییەكانی هەوڵیدا كۆبوونەوەی پەرلەمانی كوردستان دوابخات، بەڵام كۆبوونەوەكە كرا و دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستان هەڵبژێردرا، هاوكات بۆ ڕێككەوتن گفتوگۆكانی نێوان پارتی و یەكێتی بەردەوام دەبێت.