سەرۆكی پەرلەمان لیژنەكان كۆ دەكاتەوە
ئەمڕۆ دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان بۆ تاوتوێکردنی پرسی دانانی لیژنەکان لەگەڵ سەرۆکی فراکسیۆنەکان کۆدەبێتەوە.
دوای هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان، ڤالا فەرید، سەرۆکی کاتی پەرلەمانی کوردستان روونیکردەوە: “تا چوارشەممە هەوڵی پێکهێنانی لیژنەی یاسایی دەدەن و دواتریش لەگەڵ سەرۆکی فراکسیۆنەکان تەواوی لیژنەکانی دیکە پێکدەهێنن”.
بەگوێرەی زانیارییەكانی (خواكورك) ئێستا لە تەلاری پەرلەمانی كوردستان كۆ بوونەوەی نێوان سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستان و سەرۆك فڕاكسیۆنەكان بەڕێوە دەچێت و گفتوگۆكان بەمەبەستی ڕێكخستنەوەی كارەكانە.
خواكورك زانیوویهتی، كۆ بوونەوەی ئەمڕۆ باس لە هەڵبژاردنی ئەندامانی لیژنەی یاسایی دەكرێت لەلایەن سەرۆك فڕاكسیۆنەكانەوە و پێكهێنانی ئەو لیژنەیە بۆ ئەوەی دەروازە یاساییەكەی پەرلەمان بكرێتەوە و لیژنەكانی تریش پێكبهێندرێن و دەست بە كارەكان بكرێتەوە.
دوێنێ لە پەرلەمانی كوردستان هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی پەرلەمان بەڕێوەچوو تێیدا ڤاڵا فەرید وەكو سەرۆكی پەرلەمان بەشێوەیی كاتی دیاری كراو هەریەكە لە هێمن هەورامی و مونا نەبی وەكو جێگر و سكرتێر دیاری كران.
دەسپێكردنەوەی كۆبوونەوەكانی پەرلەمانی كوردستان لە كاتێكە لە 6ـی تشرینی دووەمی ساڵی 2018 بەڕێوەچوو و سوێندی یاساییان خوارد بوو، بەڵام بەهۆی گفتوگۆ سیاسییەكان هیچ دانیشتنێكی پەرلەمانی بەڕێوە نەچووە و دانیشتنی دوێنێش كۆتایی بە كێشەی كۆ نەبوونەوەی پەرلەمان هێنا.