پیلانی داهاتووی یەکێتی چیە؟ چی لەدەست دێت؟
یاد سرێشمەیی
لەدوای نەخۆش کەوتن و دوواتریش کۆچی دوای سکرتێری یەکێتی نیشتمانی کوردستان جەڵال تاڵەبانی، ئەو حزبە کەوتە نێو تەنگەبەری قەیرانی ئیدارەدان و خۆ بەڕێوەبەری، ئەگەر چی پێشوتر ئاریشەی فرەبڕیاری و فرە باڵی بەتایبەت لەسەروبەندی نەخۆش کەوتنی تاڵەبانی وەک خاڵی بەر یەک کەوتنی سەرکردایەتی ئەو حزبە زۆر بە زەقی هەستی پێدەکرا، دواتریش بە نیەتی شوێنگرەوەی سکرتێری کۆچ کردوو لەنێو بنەماڵەی تاڵەبانی(هاوسەر و کوڕ و برازاکانی) مام جەڵال بە کۆمەلێک شۆی سیاسی نامۆ بە پەیرەوی ناوخۆی ئەو حزبە و پێچەوانەی ئامانجە درێژ مەوداکەی گەلی کورد دەرکەوتن، لەگەڵ دەرکەوتنی ئەم دەمو چاوانە قەیرانی بەڕێوەبردنی یەکێتی زێدەتر دەرکەوت.
هاوسەر و کوڕو برازاکانی تاڵەبانی لە قۆناغی یەکەم دەستیان بەسەر دارایی و دەسەڵاتی سەربازی و میدیای یەکێتی داگرت بە ئامانجی گەڕاندنەوەی سەردەمی جەڵال تاڵەبانی و بۆ هێشتنەوەی هەژموونی بنەماڵەی تالەبانی بەسەر یەکێتی، هەر یەکێکیان بۆ بوون بە جەڵال تاڵەبانیەک و شوێنگرەوەی و گرتنەدەستی کۆی دەسەڵاتی یەکێتی لەنێو خودی خۆشیان ململانێ و خەریک بە قۆلبادان و پشتی یەکتری لە زەوی دان بوون، بافێل بە سنوردار کردنی جولەکانی لاهور لە ڕووی میدیای و دارای و لاهور بە شوێن پێ قایمکردنی لەنێو رێکخستنە حزبیەکانیان و بەتەزکیە دامەزراندنی خەلک وەک ئامادەکاریەک بۆ کۆنگرە لە دژ بافێل دەجوڵایەوە. ئەندامێکی سەرکردایەتی ئەو حزبە پێشوتر ڕایگەیاندبوو مەڵبەند هەیە(۷۰) کارگێری هەیە، کەزۆریان بەتەزکیە کراون.
ئەو کارەکتەرە بێ مەوقیعە هەمەکارانەی ناو رێکخسنەکانی یەکێتی، یەکێتیان بە ئاقارێکدابرد، کە نەتوانن یارو نەیاری خۆیانیان بۆساغ بکرێتەوە ئاخر لەگەڵ دەرکەوتنان دەستیان برد بۆ وەڵانانی ڕێککەوتنی ستراتیجی نێوان (پارتی ــ یەکێتی) لەباربردنی رێککەوتنی سیاسی دەباشانی نێوان (یەکێتیـ گۆڕان)، پێشێلکردنی هەردوو ڕێککەوتنی پازدەی ئۆکتۆبەری دووکان و رێککەوتن لەبارەی دانانی سەرۆک کۆمارو دواجاریش گەورەترین خیانەتی سەدەو فرۆشتنی کەرکووک و ٪٥۱ـی خاکی کوردستان.
شکستی گەورەی یەکێتی بەشێکی گەورەی بۆ ئەو رووداوانەی رابردوو و نەبونی هیچ روئیایەکی روونی نەتەوەی دەگەڕێتەوە، لە کاتێکدا دەیانەویست دوای شکستەکانیان بە فەرزکردنی خواستی سیاسیان چ بۆ پێکهێنانی حکومەت و چ بە دانانی پارێزگارێک بۆ کەرکووک پارتی بکاتە شەریکە بەشی خیانەت و بیخاتە ژێر باری داخوازیەکانیان، بەڵام لە ۱۸ـی شوبات پارتی بە دانانی دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان وێڕای چاوەڕوانیەکی زۆر وەڵامێکی کەلەگای و ملهوری سیاسی ئەو گرووپە دایەوە کە دەستیان بەسەر سەرکردایەتی یەکێتی داگرتووە.
ئەگەر چی لە لێدوان و بەیاننامەکانی سەرکردایەتی یەکێتی دەستەواژەی تێکچوونی دۆخی ئەمنی و سیاسی کوردستان چەند بارەدەکرایەوە، ڕەنگە وەک هەڕەشەیەک بەکاریانهێنابێت، بەڵام یەکڕۆژ دوای هەڵبژارندنی سەرۆکایەتی پەرلەمان لە ئێستادا لەسەر ریتمی ئۆپۆزسیۆن ئاواز دەژەنن و لە میدیاکانیان گڕی مامۆستایانی ناڕازی دەدەن بۆ دەست پێکردنەوەی خۆپیشاندان و مانگرتنەکانیان، کەچی بیریان چوو خۆپیشاندان سندوقی دەنگدان نیە ساختەی تێدا بکرێت، هێندەش خۆشەویست نین ئەکتێکی گەورەی مەدەنی وا رێک بخەن لە ئاست ملهوری و کەلەگاییەکەیان بێ، بۆیە هیچیان لەدەست نایە.