مەسرور بارزانی و جێگری سەرۆك وەزیرانی بەلجیكا كۆبوونەوە
دوای ئەوەی جێگری سەرۆك وەزیرانی هۆلەندا سەردانی هەرێمی كوردستانی كرد, پاش كۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆك بارزانی ئەمڕۆ مەسرور بارزانی راوێژكاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە ئەلێكسەندەر دی كرو جێگری سەرۆك وەزیرانی بەلجیكا و كریستۆس ستایلینادیس كۆمیساری یەكێتیی ئەورووپا بۆ یارمەتی مرۆیی و بەڕێوەبردنی تەنگژەكان و شاندی یاوەری كرد.
لە دیدارێكدا، وێڕای تاوتوێكردنی پەرەسەندن و پێشهاتەكان و كاریگەری شەڕی تیرۆریستان لە ناوچەكە، پەرەپێدانی پەیوەندییە دووقۆڵیەكان و دەرفەتی بازرگانی و وەبەرهێنان لەنێوان هەردوولا و یارمەتی مرۆیی و هەماهەنگی یەكێتی ئەورووپا خرایە بەر باس.
مەسرور بارزانی سوپاسی گەل و حكوومەتی بەلجیكای كرد لە بەرامبەر هاوكارییەكانیان بۆ هێزەكانی پێشمەرگە لە شەڕی تیرۆریستاندا و ئاواتی خواست كە ھاوكارییەكانی بەلجیكا و یەكێتی ئەورووپا بۆ ئاوەدانكردنەوە لە ناوچەكەدا و یارمەتیدانی ئاوارە و پەنابەران لە ھەرێمی كوردستاندا فراوانتر بكرێت و زەمینەیەكی لە بار بۆ گەڕانەوەی ئاوارەكانی ناوخۆی عێراق بۆ زێدی خۆیان برەخسێندرێت.
لە لای خۆیەوە جێگری سەرۆك وەزیرانی بەلجیكا پێزانینی هەبوو بەرامبەر قوربانییەكانەكانی هێزی پێشمەرگە و تیشكی خستە سەر ئامانجی سەردانەكەی، كە هاوكاریكردنی هەرێمی كوردستان و عێراقە و رایگەیاند بۆ ئەوە لێرەن تا هەڵسەنگاندن بۆ بارودۆخ و پێویستییەكانی هەرێمی كوردستان و عێراق بكەن، هاوكات ئامادەیی وڵاتەكەشی بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییەكان لە بوارە جیاجیاكاندا دەربڕی.
لە لای خۆیەوە كۆمیساری یەكێتیی ئەورووپا بۆ یارمەتی مرۆیی و بەڕێوەبردنی تەنگژەكان ئاماژەی بە رۆڵی هەرێمی كوردستاندا لە داڵدەدانی ئەو ژمارە زۆرەی ئاوارە و پەنابەران و ئامادەیی یەكێتی ئەورووپای لە زیاتركردنی یارمەتییە مرۆییەكان و هەماهەنگی لە گشت بوارەكان نیشان دا.